رووداو دیجیتاڵ
زەینەل ئێمرە، گوتەبێژی پارتی نوێ راگەیاند، ژمارەی ئەندامانیان 400 هەزاری تێپەڕاندووە و ژمارەی شارەوانییەکانیشیان بۆ 244 بەرزبووەتەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ رۆژی دووشەممە 24-8-2026 لە پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پارتەکەی دوور لە چاوی کامێراکان کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە زەینەل ئێمرە، گوتەبێژی پارتەکە رایگەیاند کە ئەندامبوون لە پارتەکەیاندا بە خێرایی بەردەوامە و گوتی: "ژمارەی ئەندامانمان 400 هەزاری تێپەڕاندووە. بەراورد بە رێکخستنی ئەو پارتانەی لە تورکیا دامەزراون، لە ئاستێکی پێوانەییداین."
گوتەبێژی پارتەکە رایگەیاند، ژمارەی شارەوانییەکانیان گەیشتووەتە 244 شارەوانی و پێشبینیشی کرد لەم قۆناخەدا ژمارەی شارەوانییەکانیان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان زیاتر بێت.
بەگوێرەی گوتەکانی ئێمرە، پارتی نوێ پلانی هەیە هەتاوەکو 30ی ئاب کاروباری بارەگای نوێی تەواو بکات و گوتی: "رۆژی 31ی ئاب کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارتەکە، دەستەی دامەزرێنەران و کۆبوونەوەی داخراوی فراکسیۆن دەکرێن. هەروەها رۆژی یەکی ئەیلوول کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و بریار بەڕێوەدەچێت و رۆژی دووی ئەیلوولیش کۆبوونەوەی سەرۆکی لقەکانی لە پارێزگاکاندا لە بارەگە نوێیەکەدا بەڕێوەدەچن".
ئۆگور ئۆزەل، دوای ئەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتەکەی دوورخرایەوە و دڵنیابووەوە لەوەی لەگەڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو ناگەنە هیچ چارەسەرێک، رۆژی 23-7-2026 دەستی لە جەهەپە کێشایەوە.
رۆژێک دواتر 24-7-2026 لە یەکەمین باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا پارتە نوێیەکەی بەناوی (یەنی پارتی) واتە پارتی نوێ راگەیاند.
ئێستا پارتی نوێ لە پەرلەمانی تورکیادا 91 کورسیی هەیە و دووەمین هێزی ناو پەرلەمانە.

