رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی "کالکان-32" لە سەرتاسەری تورکیا 55 قاچاخچی و هەزار و 626 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکراون.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 29ـی تشرینی دووەمی 2024 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی کۆچبەرانی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوتەی یەرلیکایا، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی "کالکان-32"، کۆی گشتیی 55 کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتیی بە کۆچبەران دەستبەسەرکردووە کە 13یان بیانین، هەروەها هەزار و 626 کۆچبەر کە بە نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە دەستبەسەرکراون و بەمەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رەوانەی ناوەندەکانی کۆچی پارێزگاکان کراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و قاچاخچێتی بە کۆچبەران بە هاوئاهەنگی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی کۆچ کراوە و داوای ناسنامە لە 402 هەزار و 330 کەس کراوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، چوار هەزار و 840 باڵەخانەی چۆڵ، هەشت هەزار و 213 شوێنی گشتی، 487 تێرمیناڵ و دوو هەزار و 572 شوێنی دیکە، پشکنراون.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، 29 هەزار و 29 کارمەندی هێزی ئەمنی بەشدارییان کردووە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارە و ناوی ئەو شوێنانە نەکراوە کە ئۆپەراسیۆنەکەیان تێدا کراوە.
یەرلیکایا هەروەها رایگەیاند، لە 10 مانگی ئەم ساڵدا، شەش هەزار و 339 ئۆپەراسیۆنیان دژی قاچاخچێتی بە کۆچبەران کردووە و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدا سێ هەزار و 924 قاچاخچی خراونەتە زیندانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ