سنووردارکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا

29-07-2020
کۆسار عوسمان @KassoOsman
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای توویتەر بە فەرمی هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیاوە نییە  وێنە: Financial Times
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای توویتەر بە فەرمی هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیاوە نییە وێنە: Financial Times
نیشانەکردن تورکیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

پرۆژەیاسای سنووردارکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی تەممووزی 2020 پەسندکرا. ئەو پرۆژەیاسایە لەلایەن ئاکپارتی و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئامادەکرابوو.
 
ئەو هەوڵەی حکومەت بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی چەند گوتەیەکی نەشیاو لەلایەن ژمارەیەک بەکارهێنەرانی تۆڕەکانەوە دەستیپێکرا. بەڵام ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت و پێیوایە کە ئاکپارتی ئەمە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بەکاردەهێنێت.  
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی یاسای سنووردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێت، "بۆچی یوتیوب، بۆچی توویتەر، بۆچی نێتفلیکس؟ ئێستا تێدەگەن بۆچی ئێمە دژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانین و چ واتایەک دەگەیێنێت. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بەدڕەوشتییانە نەهێڵین". 
 
مێراڵ دانش بێشتاش، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە دژایەتیی خۆی بۆ گوتەی نەشیاو و رەگەزپەرستانە دەربڕی، بەڵام پێیوایە مەبەستی حکومەتی تورکیا لە دەرکردنی ئەو یاسایە شتێکی دیکەیە.
 
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە دەڵێت، "بێگومان دژی گوتەی ئابڕووبەر و رەگەزپەرستانەین، بەڵام زۆر چاک دەزانین کە مەبەستی ئێوە لە هێنانی یاسای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەمە نییە. کێشەی ئەوان هەرگیز گوتەی ئابڕووبەر و رەگەزپەرستانە نییە. دەسەڵاتی ئاکپارتی کە تەواوی کەناڵەکانی میدیای خستووەتە ژێر رکێفی خۆی، ئێستا کێشەیەکی دیکەی هەیە کە ئەویش کۆنترۆڵکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتییە. ئێستا رووبەڕووی هەموارێکین کە ئازادیی بیروڕا بە تەواوی لەناودەبات".
 
هەروەها بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بە ناڕاستەوخۆ شەوی هەوڵی کودەتاکەی وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئاکپارتی ئەو کات فەیس تایمی لە بەرژەوەندیی خۆی بەکارهێنا، بەڵام کاتێک توویتەر ئەکاونتی ساختەی لێ داخستن ئەم یاسایەیان هێنایە پێشەوە.
 
ئەنگین ئۆزکۆچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە گوتی، "بە روونی بە کۆشک دەڵێین ناکرێت کاتێک لە بەرژەوەندیی خۆتان بێت فەیس تایم بەکاربهێنن، کاتێکیش لە توویتەرەوە دیسلایکتان بۆ هات، هانا ببەنە بەر یاسا. ئاکپارتی بەم هەنگاوەی دانی نا بەوەی کە لە مانا و رووحی تۆڕی کۆمەڵایەتی تێنەگەیشتووە ... لە مانگی رابردوودا توویتەر 7 هەزار و 340 ئەکاونتی ساختەی داخست. توویتەر هەروەها رایگەیاند کە زۆربەی ئەو ئەکاونتە ساختانە بۆ ئاکپارتی کاردەکەن".
 
 
پڕۆژەیاسای رێکخستنەوەی سۆشیاڵمیدیا لە تورکیا:
 
- پرۆژەیاساکە لە 11 ماددە پێکهاتووە
- تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە نوێنەرایەتییان هەبێت لە تورکیا
- ئەگەر ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکەن سەرەتا فراوانیی تۆڕەکانیان 50% کەمدەکرێتەوە
- دواتر فراوانی تۆڕەکانیان 95% کەمدەکرێتەوە
- ئەو کۆمپانیایانەی پابەند نەبن سزای دارایی دەدرێن
- داواکاری کەسی تۆمار دەکرێت بۆ لابردنی نێوەڕۆک یان رێگەگرتن لەگەیشتن بەو نێوەڕۆکە
- دەبێت کۆمپانیاکە بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامی داواکاریی کەسەکان بداتەوە
- ئەو تۆڕانەی وەڵامی داواکارییەکان نادەنەوە سزای دارایی دەدرێن
- ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ئەو نێوەڕۆکانەی دادگا بڕیار دەدات کە پێچەوانەی یاسان 
- ئەرکی سەرشانیان جێبەجێ نەکەن، بەرپرسیار دەبن بە لەئەستۆگرتنی زیانەکان
 
هەموو ئەوانە لە کاتێکدان کە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای توویتەر بە فەرمی هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هەنگاوەی حکومەتی تورکیاوە نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارۆی ئامەد داوا دەکات ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکراون، ئازاد بکرێن

25 چالاکڤانی زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەستبەسەرکران

لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا بۆ سەر دوو کۆمەڵە و ناوەندی تایبەت بە کولتوور و زمانی کوردی لە پارێزگاکانی ئامەد، ئیستەنبووڵ و ئیزمیر 25 کەس دەستبەسەرکران. بارۆی ئامەد لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەتاوانبارکردنی ئەو چالاکییانەی بۆ پەرەپێدانی مافەکانی پەیوەندیدار بە زمان ئەنجام دەدرێن لە رێگەی دادوەرییەوە قبووڵ ناکەین."