رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە دوای 9ـی کانوونی یەکەمی پارەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە 29ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''لە 9ی کانوونی یەکەمەوە، 81 هەزار و 576 برای سووریاییمان، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، سەقامگیرانە و شەرەفمەندانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان''.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو ئێستا، 821 هەزار و 579 پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
یەرلیکایا راشیگەیاند، لە وڵاتەکەیاندا چوار ملیۆن و 121 هەزار و 663 پەنابەر هەن، کە دوو ملیۆن و 865 هەزاریان سووریایین.
رژێمی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەمی 2025 لەسەر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە رووخا، رۆژێک دواتر گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریایی لە تورکیاوە بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکرد.
لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سووریا و بەشێک لە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان روویان لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: "شەڕی 2011ـی نێوخۆی سووریا تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو. باوەشمان بۆ ملیۆنان برای سووریاییمان کردەوە. لە سەخترین کات و لە تاریکترین رۆژەکاندا بۆ ئەوان بووینە رووناکیی ئومێد، بە هەموو جیهانمان نیشان دا، پاراستنی شکۆی مرۆڤایەتی واتای چییە''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ