ئەحمەد داودئۆغڵو: داوام لە شاندی دەم پارتی کرد کاتی بانگەوازی دانانی چەک دیاری بکەن

29-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا دەڵێت، داوای لە شاندی دەم پارتی کردووە، کاتی بانگەوازی دانانی چەک لەلایەن پەکەکەوە دیاری بکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەگەری دانەنانی چەک لەلایەن پەکەکەوە، تورکیا رێوشوێنی خۆی دەگرێتەبەر.
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنی، لەبارەی کۆبوونەوەی پارتەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی گوتی، "پێیانم گوت، دۆخەکە زۆر هەستیارە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا روونکردنەوە بدەن و کاتی بانگەوازی دانانی چەک دیاری بکەن."
 
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر چەک دانان جێبەجێ نەکرا، ئەو کاتە تورکیا رێوشوێنی دیکە دەگرێتەبەر و رایگەیاند، "ئەگەر لە تورکیا، لە قەندیل یانیش لە سووریا پێکهاتەیەکی چەکدار دژی تورکیا بەردەوام بێت، تورکیا رێوشوێن دەگرێتەبەر. ئەوە ئەرکی دەوڵەتە."
 
سەرۆکی پارتی ئاییندە ئاماژەی بەوەش کرد، بۆئەوەی پڕۆسەی چارەسەری خێراتر بەڕێوەبچێت، دەبێت پەیامی ئەرێنی لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەڵاحەدین دەمیرتاش و بەرپرسانی قەندیلەوە بدرێت.
لە ئەگەری بانگەوازی ئۆجەلان بۆ دانانی چەک، داودئۆغڵو گوتی، "دوای ئەوە دەبێت پلانێکی کرداری رابگەیێندرێت، بەڵام ئەمجارە راگەیێنەری ئەم پلانە کردارییە بەڕێز باخچەلی نییە، بەڵکو بەڕێز سەرۆککۆمارە. دەبێت سەرۆککۆمار بەناوی وڵاتەوە بێت و روونی بکاتەوە پلانەکە چییە و چۆنە."
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە. دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەمەڕ پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە