ئەحمەد داودئۆغڵو لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان: دەبێت لە پەرلەمان درێژە بە پرۆسەکە بدرێت

28-02-2025
دیار سلێمان
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی ئاییندە لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەڵێت، بۆ بەجێگەیاندنی بانگەوازەکە، دەبێت پەند لە رابردوو وەربگیرێت.
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان رایگەیاند، ''لە دۆخێکی وەهادا کە ناوچەکەمان لەنێو گێژاودایە، بۆ بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ و رزگاربوون لە تیرۆر، هەر بانگەوازێک بکرێت و هەر هەنگاوێک بنرێت، ئەرێنییە''.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی بۆ رای گشتی خوێندەوە. بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک و دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.
 
سەرۆکی پارتی ئاییندە دەڵێت: ''بۆ بەجێگەیاندنی ئەم بانگەوازە، دەبێت وانە لە رابردوو وەربگیرێت و نەخشەڕێگەیەکی کرداری بخرێتەڕوو، دەبێت پرۆسەکە لە پەرلەمان بە پاڵپشتی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵگەییەکان درێژەی پێبدرێت''.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی، ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
 
هاوکات بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە راگەیاندنەکانی پەکەکەش بڵاوکرایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە