رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، پێنج زمانی دیکە لە نێویاندا زمانی عەرەبی بۆ سیستمی رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکراوە، بەڵام زمانی کوردی لە نێو زمانە زیادکراوەکاندا نییە.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیاڵمیدیا رایگەیاند، پێنج زمان بۆ سیستەمی "رەچەتەی ئەلیکترۆنیم - E-Reçetem'' زیاد کراوە.
فەخرەدین کۆجا ئاماژەی بەوەدا، ئەو پێنج زمانە کە پرۆسەی تاقیکردنەوەکانیان تەواو بووە، زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و رووسی ـن. بەیانی رۆژی هەینی خراونەتە نێو سیستمەکە و لە رۆژی شەممەوە بۆ بەکارهێنان بەردەستن.
زیادنەکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو خزمەتگوزارییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی لێکەوتەوە.
بەشێكی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە باکووری کوردستان و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە، "ئەگەر زمانی کوردی بۆ رەچەتەی ئەلیکترۆنی زیادکرابا، وڵاتی دابەش دەکرد؟"
لە باکووری کوردستان و تورکیا ملیۆنان کورد دەژین و تورکی تاکە زمانی فەرمییە. ئەو هاونیشتمانییە کوردانەی لە تورکیا دەژین و تورکی نازانن، لە ناوەندە فەرمییەکاندا و لە سەنتەرەکانی پەیوەندی کە خزمەتگوزاری خێرا پێشکەش بە خەڵک دەکرێت، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ و بژارەی زمانی کوردی، ناتوانن بە زمانی دایک گوزارشت لە کێشە و پێداویستییەکانی خۆیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ