بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان: با چەک دابنرێت و تورکیا رزگاری بێت

27-02-2025
دیار سلێمان
نیشانەکردن بانگەوازی ئۆجەلان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەبارەی بانگەواز بۆ چەکدانانی پەکەکە دەڵێت، ''ئەگەر رێکخراوی تیرۆریستی چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، تورکیا لە کۆت و بەندەکانی رزگاری دەبێت''.
 
ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی رۆژی پێنجشەممە، 27ی شوباتی 2025، راستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و رایگەیاند، ''نێوەڕۆکی بانگەوازەکە، دانانی چەک و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستییە. ئێمە سەیری ئەنجامەکە دەکەین''.
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا پەکەکە چەک دادەنێت، ئالا گوتی، ''ئەگەر رێکخراوی تیرۆریستی، هەڵسەنگاندن بۆ بانگەوازەکە بکات، چەک دابنێت، کۆببێتەوە و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، تورکیا لە کۆت و بەندەکانی رزگاری دەبێت''.
 
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
 
بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتوویەتی، ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''.
 
ئالا باسی لەوەش کرد، ''وڵاتەکەمان لەڕێگەی گوتەکانی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی و بەڕێز سەرۆککۆمارمان، ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆری خستە بەردەمی گەلەکەمان، ئەمە واتە؛ ئامانجمان، تورکیایەکە تیرۆری تێدا نەبێت''.
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی گوتیشی، ''ئێمە ناتوانین برایەتیێکی هەزار ساڵە، وا بە ئاسانی بکەینە قوربانی تیرۆر، ناشیکەین. بۆیە ئێستا لە پێناو تورکیایەکی بێ تیرۆر رێگە گیراوەتەبەر. بەڕێز باخچەلی و بەڕێز سەرۆککۆمارمان دەستپێشخەرییان بۆ ئەمە هەبوو و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانیش پاڵشتیی خۆیان خستەڕوو''.
 
بریکاری سەرۆککۆماری تورکیا، بانگەوازی دانانی چەک، تەنیا نێوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلانە، بەڵام ئەنجامەکەی ئەوەیە، پەکەکە چەک دابنێت. راشیگەیاند، ''دەبێت هەمووان بۆ بەجێگەیاندنی ئەمە، رۆڵیان هەبێت''.
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی ناونان لە پرۆسەکە گوتی، ''لەلای ئێمە ناوی تورکیایەکی بێ تیرۆرە''.
 
ئالا باسی لەوەش کرد، ''بانگەوازەکە بۆ رێکخراوی تیرۆریستییە، دواتریش دەبینین، ئاخۆ رێکخراوەکە کاردانەوەی چی دەبێت. ئێمە هەرخۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەردەوامین. ئەگەر تیرۆر بەردەوام بێت، ئێمەش لە بەجێگەیاندنی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوام دەبین''.
 
بریکاری سەرۆکی ئاکپارتی لە ئەگەری دانانی چەک لەلایەن پەکەکە گوتیشی، ''با ئیدی منداڵەکان نەڕۆن و ببن بە تیرۆریست، با بێن و ببن بە ئەندازیار و دکتۆر. با منداڵانی هەر 85 ملیۆنەکە بۆ گەشەپێدانی تورکیا هەوڵبدەن''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە