رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئەو هاریکارییەی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە بواری بەرگریدا دەیکات، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندیەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگی دەبینن.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، دوایین کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی ساڵی رێخکست. تیشکی خستە سەر دوایین چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لەسەر ئاستی ناتۆ، پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی سنوورەکان، هاریکاری و هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا و زنجیرەیەک بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە پرسی بەرگرییەوە.
ئاکتورک لەبارەی هاریکاریی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا رایگەیاند، "ئەو هاریکارییەی سوپای تورکیا لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا لە بواری بەرگریدا دەیکات، نەک تەنیا بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ سەقامگیریی ناوچەکەش بە دەرفەتێکی گرنگی دەبینین. پێمانوایە ژێرخانی بەهێزی پیشەسازی بەرگریی تورکیا، ئەزموونەکانی لە بواری تەکنۆلۆژیای بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوکاری گرنگ دەبن لە زیادکردنی توانای ئەمنی و بەرگریی سووریادا".
باسی لەوەش کرد، "دوای سەردەمێکی تاریک لە سووریا، پەڕەیەکی نوێ هەڵدراوەتەوە... پشتگیری لە هەنگاوەکانی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری دەکەین. پاراستنی یەکپارچەیی خاک و پێکهاتەی یەکگرتوویی دراوسێی باشوورمان بە پێویست دەزانین".
سەبارەت بە سەردەمی نوێی سووریا، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "پشتیوانی لە کارەکانی دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکەین بۆ پێکهێنانی یەک سوپا. جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر خواستمان بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لە داهاتووی سووریا و ناوچەکەدا هیچ شوێنێک نییە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە نێویشیاندا داعش و پەکەکە/یەپەگە و درێژکراوەکانی و رێگە بەوەیش نادەین سەرهەڵبدەنەوە. هەوڵەکانمان بەردەوامن لە بارەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەلامەتیی پەنابەرە سوورییەکاندا و وەک ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ پشتیوانی گەلی سووریامان کردووە، لەمەودواش پشتیوانی دەکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ