رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان – دەم پارتی لە وەڵامی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیادا کە رۆژئاوای کوردستانی بە "تیرۆریستان" ناساندبوو، رایگەیاند، "ئەو شوێنەی پێی دەڵێن تیرۆریستان؛ قامشلۆیە، رۆژئاوای کوردستانە. قامشلۆ و خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان تیرۆریست نین."
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی شوباتی 2024، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە رێوڕەسمی ناساندنی بەربژێری پارتەکەی لە شارۆچکەی نسێبین لە مێردینی باکووری کوردستان و لەنێو کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتارێکی پێشکێشی ئەندامان و لایەنگرانی کرد.
تونجەر باکرهان، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە هەڕەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد بۆ رۆژئاوای کوردستان کە رۆژی 23ـی مانگ لە پارێزگای باڵکئەسیر لە کاتی گوتارێکیدا گوتبووی: "بەو ئۆپەراسیۆنە نوێیانەی ئەنجامیان دەدەین، بەردەوام دەبین لە پەرتەوازەکردنی پرۆژەی دامەزراندنی (تیرۆریستان)ێک، کە بە گەمارۆدانی سنوورەکانی باشووری وڵات دەیانەوێت دروستی بکەن."
لە وەڵامدا رایگەیاند، ئەو شوێنەی ئەردۆغان بە تیرۆریستان ناوی دەبات، تەنیا 100 مەتر لێرەوە دوورە کە قامشلۆ و رۆژئاوای کوردستانە. خەڵکی قامشلۆ و هەر چوار پارچەی کوردستان بە تێڕوانینی ئەردۆغان، هەموویان تیرۆریستن. ئەمە لە کاتێکدایە خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان خەڵکی رەسەنی ئەم خاکەن و هەزاران ساڵە رووبەڕووی ستەم و زۆرداری دەبنەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، کە سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکی دیکەدا باس لە (هاوپەیمانی قەندیل) دەکات، گوایە بە فەرمانی قەندیل کارەکان بەڕێوەدەچن و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا سیاسەت دەکەن. لەمبارەیەوە گوتی: "شتێک نییە بەناوی هاوپەیمانی قەندیل، بەڵام هاوپەیمانییەک هەیە بۆ دژایەتی کورد، زمانی کورد، پێگەی کورد و نکۆڵیکردن لە بوونی کورد. بەڵام گەلی کورد باش دەزانن لە رۆژی هەڵبژاردنەکاندا چۆن وەڵامی ئەمانە دەدەنەوە."
رۆژی 20ـی شوباتی 2024، دوایین رۆژ بوو بۆ رادەستکردنی لیستی بەربژێرانی لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایەش، دەستەکە رۆژی 3ـی ئادار، پەسندکردنی لیستی بەربژێرەکان رادەگەیێنێت. هەروەها رۆژی 21ـی ئادار، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ 10 رۆژ ئەنجام دەدرێت و کاژێر 18:00ـی رۆژی 30ـی ئادار کۆتایی دێت. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئادار دەستپێدەکات.
لە تورکیا و باکووری کوردستان 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ