رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت، ناکرێت حکومەتی تورکیا لەلایەک باسی ئاشتیی نێوخۆ بکات و لەلایەکیش هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان؛ دەشڵێت، ''تورکیا تاکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە دژی کورد''ـی رۆژئاوای کوردستانە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی سێشەممە، 24-12-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی پرسی کورد و دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا قسەی کرد.
باکرهان، لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''تاوەکو زەوتکردنی قەییوم کۆتاییدێت و دیموکراسیی نێوخۆیی بەرقەرار دەبێت، دژی کودەتا سیاسییەکان دەوەستین. ئەم خراپەکارییە هەر دەبێت تەواو بێت. رێگەیەکی دیکە نییە''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، نەیتوانیوە ئاشتیی نێوخۆیی بەرقەرار بکات و رایگەیاند، ''شەڕی سووریا دیسانەوە نیشانی دا کە ئەو وڵاتانەی دیموکراسی، ئاشتیی نێوخۆیی و کۆمەڵگەیی تێدانەبێت و مافی رەنجدەری نەدابێت، لەژێر هەڕەشە و مەترسیدا دەبێت''.
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت چارەسەری کێشەکانی سووریا لە نێو وڵاتەکە چارەسەر بکرێت و گوتی، ''چارەسەر بریتی نییە لە دەستوەردانی دەرەکی. سوننەکان، عەرەبەکان، عەلەوییەکان، کوردەکان، درووزییەکان، تورکمانەکان، چەرکەسەکان، سریانییەکان لە سووریان. سووریا موڵکی سووریاییەکانە.''
هاوسەرۆکی دەم پارتی حکومەتی تورکیای تۆمەتبارکرد بەوەی دەستی هەبووە و هەیە لە شێواندنی دۆخی سووریا و بەردەوام چەکی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە و ئاماژەی بەوەدا، بەم جۆرە ئاسایشی سووریا بەرقەرارنابێت و بە پێچەوانەوە ''وا دەکات سووریا وەک لوبنان و لیبیای لێبێت''.
باکرهان رەخنەی لە مامەڵە و سیاسەتی حکومەتی تورکیا لە بەرامبەر کوردی رۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد، ناکرێت لە تورکیا باسی ئاشتیی نێوخۆیی بکرێت و لە رۆژئاوای کوردستانیش شەڕ لە دژی کورد بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، کێشەی حکومەتی تورکیا تەنیا لەگەڵ کوردە و ئەو وڵاتە بوونی هەسەدە و پەیەدەی لەوێ کردووەتە بیانوو و بەو جۆرە بەردەوامیی بە دوژمنایەتیکردنی کورد دەدات.
باکرهان هەروەها باسی لەوە کرد، تورکیا تاکە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات و رایگەیاند، ''لە نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 205 وڵات هەن. لە نێو ئەو 205 وڵاتەدا جگە لە تورکیا هیچ کامیان دژی مافەکانی کوردی سووریا نین، واتە 204 وڵات دەڵێن با کوردەکان مافە دیموکراسییەکانیان بەدەستبهێنن. تەنیا لای تورکیا یاسا، ماف و پێگە بۆ کوردەکان نییە''.
تورکیا دەڵێت، پەیەدە باڵی رۆژئاوای کوردستان و سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کێشەکەی لەگەڵ ئەو هەیە.
یەپەگەی باڵی سەربازیی پەیەدە پێکهێنەری سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ