تورکیا
بۆلات: وێڕای لاوازیی رەوتی ئابووری و بازرگانیی جیهان، ئەم بەها مێژووییەی هەناردەکردن، جموجووڵ و هێزی هەناردەکاران نیشان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی تورکیا رایگەیاند وڵاتەکەی رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2023 بایی دوو ملیار و 121 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە، بەمەش ژمارەی پێوانەیی هەناردەی رۆژانەیان شکاندووە.
لە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانیی تورکیا ئەمڕۆ (شەممە، 24-6-2023) بڵاویکردەوە "دوێنێ بایی دوو ملیار و 121 ملیۆن دۆلار هەناردەکردمان کرد. بەمەش ژمارەی پێوانەیی رۆژانەمان شکاند کە دوو ملیۆن دۆلار بوو".
بۆلات ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای لاوازیی رەوتی ئابووری و بازرگانیی جیهان، ئەم بەها مێژووییەی هەناردەکردن، جموجووڵ و هێزی هەناردەکاران نیشان دەدات. باسی لەوەش کرد ئاماژەی بەڕێوەبەرانی کڕین و فرۆشتن لە پیشەسازی بەرهەمهێنان (PMI) لە ئەوروپا بۆ مانگی حوزەیران دابەزیوە.
وەزیری بازرگانیی تورکیا لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا دەڵێت "لە قۆناخی داهاتوودا، لە رێگەی دڵنیابوون لە بەرزبوونەوەی ژمارەکانی هەناردە و کەمکردنەوەی گوشاری سەرچاوە دەرەکییەکان، بە جیددی کار بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گەشەسەندنی تەندروست دەکەین".
ئەو وەزیرەی تورکیا جەختیشی کردووەتەوە لەوەی بە هەوڵدان بۆ سەقامگیرکردنی ئابووریی، ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان فەراهەم دەکەن.
ئەگەرچی تورکیا ژمارەی پێوانەیی لە هەناردەی رۆژانەدا تۆمارکرد، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی ئاماری تورکیا کە رۆژی 31-5-2023 بڵاویکردووەتەوە، ئاستی هەناردەی ئەو وڵاتە لە نیسانی ئەمساڵدا بەراورد بە نیسانی 2022 بە رێژەی 17.1٪ دابەزیوە و 19 ملیار و 331 ملیۆن دۆلار بووە.
تورکیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا زۆرترین هەناردەی بۆ ئەڵمانیا کردووە کە ملیارێک و 590 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها بە بڕی ملیارێک و 163 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا کردووە. عێراق بە 970 ملیۆن دۆلار لە پلەی سێیەمی لیستی ئەو وڵاتانە دێت کە تورکیا زۆرترین هەناردەی بۆ کردووە. ئیتاڵیا بە 954 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم و بەریتانیا بە 945 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەم دێن. تورکیا بە گشتی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا 29.1٪ـی هەناردەی بۆ ئەو پێنج وڵاتە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ