رووداو دیجیتاڵ
مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە لەبەردەم کامێراکان و بە ئامادەبوونی میدیا، ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد و گرتەی ڤیدیۆیی لەو بارەیەوە هەیە، نکۆڵی دەکات و دەڵێت، گوتەکانی شێوێندراون.
دوای ئەوەی رۆژی 22-3-2025 لە گوتەیەکدا ئاڵای کوردستانی بە "پەڕۆ" ناوبرد، مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە کە سەر بە پارتی جەهەپەیە، رووبەڕووی رەخنەی تووندی هاونیشتمانییان بوویەوە.
یاڤاش ئەمڕۆ دووشەممە 24-3-2025 رایگەیاند، ئەو گوتانەی لە گۆڕەپانی ساراچهانەی ئیستەنبووڵ کردنی، شێوێندراون و بە مەبەستی سیاسی بەکارهێندراون؛ گوتیشی:"من لە گوتارەکەمدا بە روونی گوتم، دووڕوویی لە جێبەجێکردنی یاسای خۆپێشاندان دەکرێت کە لە دەستووردا هەیە؛ هەروەها رەخنەم گرت و بە پێویستم زانی ئەو لێبووردەییەی پۆلیس نیشانی دەدات، لە سەراچهانەی ئیستەنبووڵ و کزڵای ئەنقەرەش نیشانی بدات و بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپێشاندەران نەداتەوە".
مەنسووری یاڤان هەروەها دەڵێت: "بڕگەی سێیەمی دەستوور روونە و ئاڵای فەرمیی وڵاتەکەمان سوورە و مانگی سپی تێدایە. ئەمە تاکە ئاڵای ئێمەیە و ناوی ئاڵای تورکە".
یاڤاش دەڵێت، گوتەکانی شێوێندراون.
بەڵام لە گوتەکەیدا زۆر بە روونی رەخنە لە شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان لە ئاهەنگەکانی نەورۆز دەگرێت و بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە و دەڵێت: "من پێم وایە پەڕۆیە".
یاڤاش دەڵێت: "بەردەوام دژی ئەو بیرکردنەوەیەم کە کورد و تیرۆر دەخاتە یەک تای تەرازوو. ئەمڕۆش هەر هەمان هەڵوێستم هەیە. هاوشێوەی هەموو ئەو هاووڵاتیانەمان کە ئەم خاکەیان هێنایە بوون، هاووڵاتیانی کوردیشمان تاجی سەرمانن. ئەو پشتیوانییە بەهێزەی لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانی ئەنقەرە بۆ ئێمە هاتووە، نیشانەی خاوەنداریکردنی ئەو تێگەیشتنەیە؛ هاوکات هەڵوێستی بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستیی دەست بە خوێنی وەک پەکەکە روونە. دوێنێ چیمان گوتبێت، ئەمڕۆش هەمان قسە دەکەین".
ئاڵای کوردستان لە تورکیادا لە بواری یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە و کۆماری تورکیا لە زۆربەی بەرپرسانی باڵایدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان لە شوێنە فەرمییەکانیش دادەنێت.
مەنسوور یاڤاش لە هەڵبژاردنی 31-3-2024 کە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوو، 60.43٪ـی دەنگەکانی ئەنقەرەی بردەوە و بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئەنقەرە.
لەو هەڵبژاردنەدا بەشێکی دەنگدەری کورد پشتگیرییان لە مەنسوور یاڤاش کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ