فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە ئیمامئۆغڵو قەییوومی بۆ دانرابێت

24-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا هەواڵەکانی دانانی قەییوومی لە شوێنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025، ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی دوای بڕیاری بەندکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و، بڕیاری لەکارکادانی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی دانانی قەییووم بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.
 
فەرمانگەکە دەڵێت، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، هەریەک لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و محەممەد موراد چالیک، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیلیکدوزو لە کار دوورخراونەتەوە؛ لە هەمان کاتدا رەسوول ئێمرە شاهان، سەرۆکی شارەوانیی شیشلی قەیوومی بۆ دانراوە و جەودەت ئەرتورکمان، قایمقامی شیشلیش کراوەتە سەرۆکی شارەوانی.
 
ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی چەواشە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو هەژمارانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە هەواڵی نادروست بڵاودەکەنەوە و راستییەکان دەشێوێنن، دەدۆزرێنەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە