دەیەمین شارەوانیی دەم پارتی قەییومی بۆ دانرا

24-02-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان سەر بە قەرس دانرا.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 24-02-2025 بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەییوم بۆ شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان لە پارێزگای قەرس دانرا. محەممەد ئالکان، هاوسەرۆکی شارەوانیی کاخزمان لە کار دوورخرایەوە و ئۆکان داشتان، قایمقامی شارۆچکەکە بە وەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، محەممەد ئالکان، بە تۆمەتی "ئەندامێتی و بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار،" رۆژی 23-02-2025 لەلایەن دەستەی دادوەرانی پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی قەرسەوە، بڕیاری 6 ساڵ و 3 مانگ بەندکردنی بۆ دەرکرا.
 
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، "بەهۆی کۆتاییهاتن بە کەیسی دادگەییکردنیەوە، بەپێی مادەی 45 و 46ی یاسای ژمارە 5393ی یاسای شارەوانییەکان و مادەی 127ی دەستووری تورکیا، بڕیار درا بە دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە ئەرکی سەرۆک شارەوانی. بەپێی مادەی 47ی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکانیش بڕیار درا بە دانانی ئۆکان داشتان، قایمقامی کاخزمان وەک سەرۆک شارەوانی بە وەکالەت."
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا محەممەد ئالکان، بەربژێری دەم پارتی 3320 دەنگ ( 32.68%ی دەنگەکان)ی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی کاخزمان هەڵبژێردرا.
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سەرۆکشارەوانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام پارێزگار بە بڕیاری سەرۆککۆمار دادەنرێت.
 
هەرچەندە کورد لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرترین شارەوانی لە باکووری کوردستان دەباتەوە، بەڵام حکومەت بە بیانووی بوونی پەیوەندی، پێدانی سەرچاوەی دارایی بە پەکەکە، لایاندەبات و کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت؛ ئەم لەکارلادان و دانانەش بە 'قەییوم' ناودەبرێت.
 
تاوەکو ئێستا 10 شارەوانیی دەم پارتی قەییومیان بۆ دانراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە