رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی دەیەمی تاوانەکانی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 23-3-2025 بڵاوکرایەوە، ئیمامئۆغڵو بە تۆمارکردنی زانیاریی کەسی بە نایاسایی، وەرگرتنی بەرتیل و دەستوەردانی نادروست لە تەندەری دامەزراوە گشتییەکان تۆمەتبارکراوە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئیمامئۆغڵوی لە ئەرکەکەی دوورخستەوە و رایگەیاندووە، "بەپێی مادەی 127ی دەستوور و مادەی 47ی یاسای شارەوانیی ژمارە 5393، وەک رێکارێکی کاتی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە 23-3-2025 ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە بریاری دادگەی ئیستەنبووڵ خرایە زیندانەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئیمامئۆغڵو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی" دەستگیر کراوە.
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئیمامئۆغڵو لە سەروبەندی ئەوەیە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەگەر ئیمامئۆغڵو لەسەر دۆسیەی تیرۆر سزابدرێت، ئەو كاتە حكومەت بڕیاری دانانی قەییومی بەسەر دا دەسەپێنێت. بەڵام بەمشێوەیەی ئێستا ناتوانرێت قەییوم دابنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ