تورکیا 24 کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیردەکات

23-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی 24 کەسی بە تۆمەتی ئەندامبوون و هەبوونی پەیوەندی بە رێکخراوی داعشەوە راگەیاند. 
 
ئەمڕۆ شەممە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی لە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 24 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش و هەبوونی پەیوەندی بەو رێکخراوە پەڕگیرەوە دەستگیرکراون. 
 
وەک لە راگەیێندراوەدا هاتووە، بە هاوئاهەنگی دەزگای هەواڵگری و هەواڵگریی ئاسایش، زانیاری لەبارەی جموجووڵی گرووپێکی سەر بە داعش کۆکرایەوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات لە پارێزگاکانی ئاکسارای، بۆڵو، دیلۆک، ئیستەنبووڵ، کیلیس، ساکاریا و سامسون ئەنجامدرا و 24 کەس بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە کە بیانین، دەستگیرکران. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژە بەوەش دەکات، لە کاتی پشکنینی ئەو شوێنانەی گومانلێکراوەکان تێیاندا دەمانەوە، دەستبەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامەی دیجیتاڵی و چەکی بێ مۆڵەت و بڵاوکراوەی داعشدا گیرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە