ئەردۆغان: دیواری 40 ساڵەی تیرۆر دەڕوخێنین

23-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەخت لە پاراستنی ئاسایشی سنووری وڵاتەکەی دەکاتەوە و دەڵێت: ''تیرۆر لەگەڵ سیاسەت و دیموکراسیدا یەکناگرێتەوە، بۆیە ئێمە دەڵێین، یان تیرۆر،یان دیموکراسی''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی شوباتی 2025، ئەردۆغان، لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتەکەی (ئاکپارتی) لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''پێویستە تورکیا لە بەڵای تیرۆر رزگاری بێت. رۆژانی رزگاربوونی وڵاتەکەمان لە سێبەری تیرۆر نزیکن''.
 
ئەردۆغان گوتی: ''تورک، کورد و عەرەب بەیەکەوەیەکدەگرین و ئەو دیوارەی تیرۆر کە 40 ساڵە لەسەر خوێنی رۆڵەکانمان دروستکراوە، دەیڕوخێنین. دوای ئەوەی
کێشەی تیرۆر کۆتاییهات، دەرگەیەکی نوێ بە رووی دیموکراسی، بوژانەوە و برایەتیدەکرێتەوە''.
 
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا ل"ە تورکیا کەشێک دروستکراوە، 85 ملیۆن کەس تێیدا بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و بەیەکسانی مافەکانیان پێبدرێت، جا ئەو کەسانە خاوەنی هەر بۆچوونێکی سیاسی بن، یاخود لە هەر نەتەوەیەک بن.''
 
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لە رۆڵی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)  کرد و گوتی: ''بە هەڵوێست و دەستپێشخەرییەکانی، رۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی تورکیاداهەبووە''.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە کارەکانی هەشتەمین کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) لە ئەنقەرە دەستیپێکرد، ئەردۆغانیش تاکە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی
پارتەکە.
 
ئەرکان کاندەمیر، یاریدەدەری سەرۆک و بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی رایگەیاند، هەزار و 607 ئەندام بەشداری کۆنگرە دەکەن، بەگوتەی بەرپرسی رێکخستنەکانی ئاکپارتی، لە کۆنگرەکەدا 95 باڵیۆزی وڵاتان، 28 پارتی سیاسیی 13 وڵات، 127 رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەی
مەدەنی بەشداری دەکەن. هەروەها 56 میدیا و دامەزراوەی راگەیاندنی نێوخۆیی و جیهانی، رووماڵی کۆنگرەکە دەکەن. 
 
ئاک پارتی تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی بەستووە؛ پارتەکە کە لە دوای 2002ەوە حکومەتی بەدەستەوەیە، 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە