رووداو دیجیتاڵ
یازدەیەمین سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدا نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، "دەبێت کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن."
عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ گوتی، "بە نیگەرانییەوە لە دۆخەکە دەڕوانم."
گول باسی لەوەش کرد، "نزیکەی سێ ساڵ بۆ هەڵبژاردن ماوە؛ هەندێک کێشە دەتوانرێت بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن؛ دووچاربوون بە دۆخێکی وەها پشێو، ئێمە بەرەو پێشەوە نابات."
سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا گوتیشی، "با بیری خۆمان بهێنینەوە، وەکو چۆن ئەوەی پێشتر لە بەرامبەر بەڕێز سەرۆککۆمار ئەردۆغان و من کرا، ویژدانی گەل قبووڵی نەکرد، نابێت هەمان هەڵە لە بەرامبەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵوش بکرێت، کە بە ویستی گەل وەکو سەرۆکشارەوانی هەڵبژێردراوە."
ئەو گوتانەی عەبدوڵڵا گول لە کاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکرا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی 19ی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵەوە کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی" دەستگیر کراوە.
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەدا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە.
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئیمامئۆغڵو لە سەروبەندی ئەوەیە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ