ئاکپارتی هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی سازدەکات

22-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەی سازدەکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی پارتەکەیە.
 
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، سبەی یەکشەممە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، تاکە بەربژێرە بۆ سەرۆکایەتیی پارتەکە.
 
چاوەڕوان دەکرێت کۆنگرەکە بە بەشداریی 1607 ئەندامی پارتەکە بەڕێوەبچێت و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان لە چەندین وڵاتەوە بەشداربن.
 
28ی تشرینی دووەمی 2024 کۆنفرانسەکانی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەستیانپێکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە 29 کۆنفرانس کرد.
 
رۆژی 7ی شوباتی 2025 کۆنفرانسەکان کۆتاییان هات. دواترینیان کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی بوو.
 
ئاکپارتی لە 14ی ئابی 2001 دامەزراوە و لە هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەمی 2002 بە 365 کورسی سەرکەوت و بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا و 23 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە.
 
تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی ئاسایی و چوار کۆنگرەی نائاسایی رێکخستووە؛ 11 ملیۆن و 135 هەزار و 306 ئەندامی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە