3500 کەس لە ئیستەنبووڵ داواکارییان بۆ پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردووە

18-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا دەڵێت، زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەس لە ئیستەنبووڵ داواکارییان بۆ پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردووە.
 
رۆژی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا لە گوتارێکیدا لە هەشتەمین کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان رایگەیاند: ''لە 48 کاژێردا زیاتر لە سێ هەزار و 500 گەنجمان داواکارییان بۆ پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردووە''.
 
ئەو گوتەیەی گۆکتاش لە کاتێکدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 14ـی کانوونی دووەمی 2025، لە ئەنقەرە بەشداری لە پرۆگرامی 'ساڵی خێزان' کرد و رایگەیاند: ''لەکاتی هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ـی ئایاردا بەڵێنی 'سندووقی خێزان و گەنج'مان دا و پار لە ناوچەی بوومەلەرزە دەستمان پێکرد. لە رێگەی ئەو سندووقەوە بڕی 150 هەزار لیرە پێشینەی هاوژینی بەو گەنجانە دەدرێت کە ژیانی هاوژینی پێکدەهێنن''.
 
ئەردۆغان گوتیشی: ''دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی پارەکە گەڕاندنەوەی دەستپێدەکات و بە 48 مانگ دەدرێتەوە و ئەو پێشینەیە بێ سوودە. ئەو پێشینە بێسوودە لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکەین".
 
بڕی 150 هەزار لیرەی تورکی دەکاتە نزیکەی 4 هەزار و 200 دۆلار.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا، پار لە کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئەیلوول، 12 هەزار و 132 کەس داواکارییان بۆ پێشینەی هاوژینی پێشکێشکرد و سێ هەزار و 963 کەس تێیدا سوودمەند بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە