تورکیا
کچە پەنابەرێکی سووریایی لەسەر سنووری تورکیا و وڵاتەکەی وەستاوە دەچێتەوە نێو زێدی خۆی. وێنە: Khalil Hamra- AP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە 9ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵەوە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریایی بۆ وڵاتی خۆیان زیادیکردووە؛ لەبارەی دانانی قەییومیش بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا باس لەوە دەکات، ''نابێت ئەو ئەمانەتەی گەل پێیداویت، خراپ بەکاری بهێنیت''.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی (شەممە، 21-12-2024)، لە هەشتەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە پارێزگەی کۆنیای تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد.
یەرلیکایا لەبارەی پەنابەرانی سووریا گوتی، ''باوەشمان بۆ خوشک و برا سووریاییەکانمان کردەوە و وانەی مرۆڤایەتیمان بە هەموو جیهان دا. یارمەتیدانی سووریاییەکان بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، پێویستییەکی برایەتیمانە''.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە 9ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە گەڕانەوەی پەنابەرە سووریاییەکان زیادیکرد و گوتی، ''ئەم ساڵ 124 هەزار و 325 خوشک و برای سووریاییمان گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان''.
یەرلیکایا ئامژەی بەوەشدا، ''ئەم ساڵ تاوەکو 9ـی کانوونی یەکەم، هەر مانگێک تێکڕا 11 هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان''.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئێستا دوو ملیۆن و 938 هەزار 261 پەنابەری سووریایی لە تورکیادا ماون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا لەبارەی دانانی قەییوم بۆ شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا گوتی، ''شارەوانییەکان بنچینەی یەکە خۆجێییەکانن. ئەو دەسەڵاتە بە ئەوان دراوە تاوەکو خزمەتی هاوشارییەکانیانی پێ بکەن. هیچ کەسێک مافی نییە ئەو ئەمانەتەی گەل پێیداوە، خراپ بەکاریبهێنێت''.
یەرلیکایا باسی لەوەش کرد، ''تورکیا وڵاتی یاسایە. هەر کەسێک، با سەرۆکشارەوانیش بێت، ئەگەر بچێتە دەرەوەی یاسا، واز لە ئەرکی شارەوانییەتی بهێنێت و ببێتە لایەنگری تیرۆر، پێی دەگوترێت 'لەوێ بووەستە'، چونکە سیاسەت لەگەڵ تیرۆردا ناکرێت. تیرۆر دەبێت بەرەنگاری ببیتەوە. ئێمەش ئەمە دەکەین، پشت بە خودا بەردەوامیش دەبین لە ئەنجامدانی''.
لە دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ـی ئاداری ئەم ساڵەوە قەییوم بۆ حەوت شارەوانی باکووری کوردستان و تورکیا دانراون کە پێنجیان سەر بە دەم پارتی بوون و دووانەکەی دیکەیان سەر بە جەهەپە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ