ئاگرەکەی ئەنقەرە بەرەو شارێکی دیکە تەشەنەی کرد

21-08-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەنقەرە کەوتەوە، بەهۆی بەهێزیی باوە تەشەنەی کردووە بۆ دارستانەکان پارێزگای بۆڵووی هاوسنووری ئەنقەرە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 21ـی ئابی 2024) ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی شاهینلەر سەر بە شارۆچکەی کزلجاهامام لە ئەنقەرە کەوتەوە. سەرباری هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی، بەڵام نەکوژێندرایەوە. 
 
بەهۆی بەهێزیی با، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەی کرد و دارستانی پارێزگای بۆڵووی گرتەوە و رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی گەردە لە بۆڵووی داخست. دواتر گوندی دەمیر کۆی گرتەوە و هێزەکانی جەندرمەی ناچار کرد بە خێرایی گوندنشینەکان بگوزانەوە.
 
پارێزگای بۆڵوو رایگەیاند، ئاگرەکە لە کاژێر 12:28 خولەکدا بۆ نێو دارستانی پارێزگاکە تەشەنەی کرد. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و دەزگای ئافاد، لە رێگەی دوو فڕۆکە، هەشت هێلیکۆپتەر، شەش تانکەری گواستنەوەی ئاو، 16 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 11 شۆڤڵ و 145 کارمەند، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن. 
 
شەوی 20ـی مانگ، ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان ئامەد و مێردین کەوتەوە، بەهۆیەوە 15 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و 75 هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، هەزار و 22 رووداوی ئاگر لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە. لە ئەنجامدا شەش هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە