تورکیا

خۆپێشاندانی قوتابییان لە ئەنقەرە لە دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ. وێنە: AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی ئەنقەرە و ئیزمیر بۆ ماوەی پێنج رۆژ چالاکییەکانی وەک، گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کران.
هەردوو پارێزگەی ئەنقەرە و ئیزمیر رۆژی هەینی، 21ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایانگەیاند، ''بەمەبەستی پاراستنی دۆخی گشتی و رێگریکردن لە هەر کارێکی تێکدەرانە لە سەرتاسەری پارێزگاکە، لە رۆژی 21ـی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو 25ـی ئاداری 2025 هەموو جۆرە گردبوونەوە، خۆپێشاندان و کۆنفرانسی رۆژنامەڤانی قەدەخە کراوە".
ئەو قەدەخانە لە کاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا.
ئەم بڕیارەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی بەشێک لە هاووڵاتییانی چەند پارێزگەیەکی تورکیای لێکەوتەوە و گرژی لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ئاسایش دروست بوو.
شەوی پێنجشەممە لە ئیستەنبووڵ، بەهۆی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەوە گرژی کەوتە نێوان هاووڵاتییان و هێزەکانی ئاسایش. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، 16 پۆلیس لە گرژییەکەدا بریندار بوون، هەروەها رێکاری یاسایی لەگەڵ 53 کەسی نێو خۆپێشاندانەکە گیراوتەبەر.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
بەگوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 105 کەسی دیکەش دراوە. تاوەکو ئامەدەکردنی ئەم هەواڵە، 88 کەس دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ