دیداری باڵیۆزانی زانست بە هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنتالیای تورکیا بەڕێوەدەچێت

21-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیداری باڵیۆزانی زانست بە هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری ئەنتالیای تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد. سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست دەڵێت: ''ئامانجێک لێی رێنوینی و یارمەتیدانی ئەو خوێندکارانەیە لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی خوێندن دێنە تورکیا''. جێگری رێکخەری گشتیی دیدارەکەش بە رووداوی گوت، دەیانەوێت پەرە بە تواناکانی گەنجان بدەن و پاڵپشتییان بکەن بۆ بەدەستهێنانی "ئەو خەون و خولیایانەی لە ژیانیاندا هەیانە". 
 
ئەمڕۆ هەینی، 21ـی شوباتی 2025، نۆیەمین دیداری باڵیۆزانی زانست لە ژێر ناونیشانی ''گەنجان و شوناس؛ ئێستا و داهاتوو'' بە بەشداری نزیکەی 200 گەنجی کورد کە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپاوە چووبوون، لە شاری ئانتالیای تورکیا دەستی بە کارەکانی کرد.
 
رێبین نەسرەدین، سەرۆکی رێکخراوی باڵیۆزانی زانست لەبارەی چالاکییەکانی ئەمڕۆی دیدارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سیمینارێک لەژێر ناوی ''تەندروستی و شوناس، گەنج و داهاتوو'' لەلایەن دکتۆر ئاراس برادۆستی و سیمینارێکی دیکە لەژێر ناوی''تێگەیشتنێکی گشتی بۆ شوناس'' لەلایەن دکتۆر زەکی ساڵح پێشکێشکرا؛ پانێڵێکیش لەژێر ناوی''بەجیهانیبوون و پارێزگاریکردن لە شوناسمان'' بەڕێوەچوو.
 
رێبین نەسرەدین باسی لەوەش کرد: ''لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک بەرپرسی حکومی و رێکخراوەیی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەشدار دەبن''.
 
دیدارەکە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و سبەی شەممە دوو سیمینار لەژێر ناوەکانی '' ئابووری و شوناس'' و ''ژیریی دەستکرد و شوناس'' بەڕێوەدەچن.
 
رێبین نەسرەدین گوتی: ''پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی تورکیا هەیە و دەتوانین هاوکار و رێنوینی خوێندکارانی کوردی هەرێمی کوردستان بین''.
 
رێکخراوی باڵیۆزانی زانست لە ساڵی 2018 لەلایەن رێبین نەسرەدین لە ئەنقەرە دامەزراوە و دەڵێت، ئامانجەکەی یارمەتیدان و رێنوینیکردنی ئەو خوێندکارە کوردانەیە لە باشووری کوردستانەوە بە مەبەستی خوێندن دەچنە تورکیا.
 
هاوکات ئامێز عەبدولکەریم، جێگری رێکخەری گشتیی دیداری باڵیۆزانی زانست بە رووداوی گوت: "خۆشحاڵین کە زیاتر لە 200 بەشداربوومان لە زیاتر لە 10 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە هەیە. ئامانجی دیدارەکە بریتییە لە پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان و پاڵپشتیکردنیان بۆ ئەو خەون و خولیایانەی لە ژیانیاندا هەیانە، بەتایبەتی ئەم ساڵ کە جەختمان لە پارێزگاریکردن لە شوناسی گەنجان کردووەتەوە". 
 
 
دینا بەهادین، یەکێک لە بەشداربووەکان کە خەڵکی سلێمانییە، بە رووداوی گوت، یەکەم ساڵە بەشداری دەکات و ئەزموونێکی بەسوودە بەلایەوە. 
 
 
پەیام سالار لە بەریتانیاوە چووەتە ئەنتالیا و دەڵێت، ساڵی رابردووش لە دیدارەکەدا بەشداربووە و سوودی بەشداریکردنی ساڵی رابردووی بووە هۆکار بۆ ئەوەی بڕیار بدات ئەم ساڵیش لەوێ بێت؛ گوتیشی، بەشداریکردن لە دیدارەکەدا یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی زانیارییەکی باشتری لەبارەی شوناسی خۆی وەک کوردێک هەبێت. 
 
 
رێبەریش لە نەرویجەوە چووەتە ئەنتالیا و یەکەم ساڵیەتی لە دیدارەکەدا بەشدار دەبێت و دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر کەسی بەتوانا تێیدا بەشدارن کە کوردن و هەربۆیە هانی گەنجان دەدات بەشداری تێدا بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە