رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، "هیوادارم بە زووترین کات بگات" و باسی کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی و شەڕ بکات.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی 21ی شوباتی 2025 لەکاتی گەڕانەوەی لە ژاپۆن، لەنێو فڕۆکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیوادارم بە زووترین کات پەیامێک لە ئیمراڵییەوە بگات، تێیدا بانگەوازی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆر بکات."
کورتولموش ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە لە رێگەی سەرۆکی مەهەپەوە دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستاش "بە شەفافی" بەڕێوەدەچێت؛ کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتیشی بە بایەخدار ناوبرد.
هەر لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "پێویستە بێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدرێت، بە ئەنجام بگەیێندرێت، چونکە ناوچەکەمان بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. بابەتە سەرەکییەکەی ناوچەکەشمان، بابەتی پارچەبوون و دابەشبوونە، کە لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە پەرەیسەند."
سەبارەت بە ئامانجی وڵاتەکەی لە پرۆسەی چارەسەری، کورتولموش باسی لەوە کرد، "تەنیا کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە تورکیا نییە، بەڵکو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە تەواوی ناوچەکە. بەرژەوەندیی ئێمە، پەرشوبڵاوبوونی زیاتر نییە، بەڵکو یەکبوونی زیاترە."
لەبارەی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، "باس لە بەڵای تیرۆرێک دەکەین کە زیاتر لە 40 ساڵە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 40 هەزار هاووڵاتیمان، هاوکات بەلایەنی کەمەوە، دوو تریلیۆن دۆلار زیانی مادیی هەبووە. کلیلی نەهێشتنی ئەو کێشەیە، خستنەڕووی ئەو رێگەچارانەیە کە شکۆی کورد و تورک دەپارێزن."
کورتولموش جەختی کردەوە، دەبێت هەموو لایەن و پارتە سیاسییەکان پاڵپشتیی لە پرۆسەکە بکەن و رایگەیاند، "یەکەمین هەنگاو بۆئەوەی پرۆسەکە بە دروستی بەردەوام بێت، راگەیاندنی پەیامە چاوەڕوانکراوەکەیە لەلایەن ئیمرالی و نەهێشتنی تیرۆرە لە رۆژەڤی تورکیا. بۆیە ئەم بانگەوازە زۆر بە گرنگ دەزانم."
گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا چۆن دەستیانپێکرد؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024 تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبن. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."
رۆژی 15-2-2025 شاندێک لەبارەی هەمان پرس لە باکووری کوردستانەوە هاتە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە بەجیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ