رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، کاتی ئەوەیە ئەو گرووپانە لەنێوببرێن کە ئەنقەرە بە "تیرۆریست" پۆلێنیان دەکات.
رۆژی هەینی، 20-12-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەبێت داعش، پەکەکە و لقەکانیان کە هەڕەشە لە مانەوەی سووریا دەکەن، لەنێوببرێن."
ئەردۆغان گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە لە جووڵە بخرێن."
تورکیا دەڵێت، یەپەگەی باڵی سەربازیی پەیەدە لقی پەکەکە [پارتی کرێکارانی کوردستان]ە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا. ئەو هێزە پێکهێنەرێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە.
هەسەدە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت و بە "هاوبەش و دۆست" ناویان دەبرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو رۆڵەی لە شەڕی دژی داعش گێڕاویەتی.
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها گوتی، حکومەتەکەی "هەنگاوی خۆپارێزی" بەرامبەر ئەو هێزانە دەگرێتەبەر کە "دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا".
ئەردۆغان گوتی،"ئەستەمە بتوانین ئەو مەترسییە قبووڵ بکەین. هیوادارین سەرکردە نوێیەکانی سووریا کار لەگەڵ ئەوان (داعش و پەکەکە) نەکەن. پێمان وانییە هیچ هێزێک لە داهاتوودا لە کارکردن لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوام بێت."
12ـەم سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "بەزووترین کات سەری ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە پان دەکرێتەوە".
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانیان چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا.
ئێستا سووریا لە قۆناخێکی نوێدایە و وڵاتانی جیهانیش پەیتا پەیتا شاندە دیپلۆماسییەکانیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا دەنێرنە دیمەشق.
ئەردۆغان گوتی، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەم زووانە سەردانی دیمەشق دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ