رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) دەڵێت، هیوادارن نەورۆز ببێتە مایەی ''بەدیهێنانی تورکیایەکی بێ تیرۆر''؛ دەشڵێت: ''پێشنیازی ئێمە ئەوەیە، پەکەکە لە 4ـی ئایار کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.''
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی نووسراوی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتەکەی بڵاوکردەوە کە لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە دەڵێت، هیوادارن ''ببێتە مایەی بەدیهێنانی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر''.
باخچەلی بەهۆی نەخۆشییەوە نزیکەی دوو مانگە دەرناکەوێت، بەڵام لەبارەی رۆژەڤە گرنگ و پرسە چارەنووسسازەکان بە راگەیێندراوی نووسراو هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.
باخچەلی لەبارەی نەورۆزەوە دەشڵێت: ''گەلی تورک لە 21ـی ئادار دا لە چواردەوری ئاگری نەورۆز کە مێژوو و کولتووری هاوبەشمانە، دەست دەخەنە دەستی یەک و پەیوەندیی برایەتی و ئاشتی، زیاتر بەهێز دەکەن''.
سەبارەت بە بەشداریکردنی ئەردۆغان لە رێوڕەسمەکانی رۆژانی نەورۆز، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند: ''رۆژی 21ـی ئادار کاژێر 3ـی دوای نیوەڕۆ لە ئیستەنبووڵ پرۆگرامی نەورۆز بە بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆککۆمارمان بەڕێوەدەبەین''.
لەمبارەیەوە سەرۆکی مەهەپە گوتی: ''بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆککۆمارمان لە رێوڕەسمەکانی نەورۆزی سبەی دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ و بایەخدار ''.
ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، لە تورکیا دەست بە ئاهەنگ و پرۆگرامی پیرۆزبایی دەکرێت. دەم پارتی چالاکترینی تورکیا و باکووری کوردستانە لە رێکخستنی ئاهەنگ و پیرۆزباییەکانی نەورۆز.
سەرۆکی مەهەپە لەبارەی پارتی کرێکارانی تورکیا (پەکەکە) رایگەیاند: ''بۆ ئەوەی بانگەوازەکەی 27ـی شوبات زیاتر دوانەکەوێت، پێویستە بەزوویی کۆنگرە ببەسترێت، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە بدرێت و چەکەکانیان رادەستی کۆماری تورکیا بکەن''.
باخچەلی لەبارەی کاتی چەکدانانی پەکەکە دەڵێت: ''پێشنیاز و پێشبینیی ئێمە ئەوەیە، لە رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025 لە شارۆچکەی مەلازگرد لە پارێزگەی مووش، بە یارمەتی و پاڵپشتیی سەرۆکشارەوانیی دەم پارتی (فەیات ئاسیا)، با پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و کۆتایی بە مشتومڕەکانی خۆهەڵوەشاندنەوە و ئەم بابەتە بهێنێت''.
ئەو گوتانەی باخچەلی لە کاتێکدان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رۆژی 27ـی شوباتی 2025 لە بانگەوازەکەیدا بۆ پەکەکە گوتی: "کۆنگرەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە."
دوو رۆژ دواتر، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەبەیانی یەکی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبن، بەڵام دەبێت ئۆجەلان خۆی سەرپەرشتی بەستنی کۆنگرە بکات.
لەبارەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، باخچەلی گوتی: ''رێگەکانی گەڕان بەدوای ماف لە کۆماری تورکیادا کراوەن. دادگەکانی تورکیا، سەربەخۆ و بێلایەنن. پێشنیازیان بۆ دەکەم بە رێزەوە پێشوازی لە دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا بگرن، واز لە زمانی سەر شەقام بهێنن''.
بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ