رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، دانانی قەیووم کودەتای سیاسییە. لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش لە هەر پرۆسەیەکی چارەسەریدا دەڵێت، "دەتوانێت زۆر شت بکات."
رۆژی سێشەممە 19-11-2024 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە سەرۆکایەتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵای، هاوسەرۆکی پارتەکە بەڕێوەچوو.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی، حکومەتی تورکیا دەیەوێت مافی هەڵبژاردن لە دەنگدەری پارتەکەی بستێنێتەوە و گوتی، "دانانی قەیووم کودەتایەکی سیاسییە کە بە دەستی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری ئەنجام دەدرێت. قەیووم واتە بە کورد بڵێیت، تۆ ناتوانیت کەس لە خۆت هەڵبژێریت؛ تۆ ناتوانیت کاروباری خۆت بەڕێوەببەیت."
لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە هەر پرۆسەیەکی چارەسەریشدا گوتی، "دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیریی ئیمرالی هەڵبگیرێت؛ دەبێت بەڕێز ئۆجەلان بە سەربەخۆییەکەی شادبێتەوە؛ بەپێداگرییەوە جەختمان لەوە کردوەتەوە کە دەتوانێت زۆر شت لەپێناو ئاشتی لە وڵاتەکەمان و ناوچەکەشمان بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، کەسانێک هەن تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن بەوەی کە ئەوان لەگەڵ پرۆسەی چارەسەریدا نین و گوتی، "بەدوای چارەسەرنەکردنەوە نین. ئێمە چارەسەر لە تورکیا، ئەنقەرە و ئامەد دەبینین؛ چارەسەر لە گفتوگۆدا دەبینین، شوێنی گفتوگۆش پەرلەمانە."
ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، 19-11-2024، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا سەبارەت بە هەوڵەکانی نزیکبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی گوتی، "لێرەوە بانگ لە تەواوی برا کوردەکانم دەکەم و دەڵێم، پەکەکە ناتوانێت نوێنەرایەتیی کورد بکات. ئێستا بە روونی بینرا، کەسانێک هەن ئاستەنگ لەبەردەم ئەوانە دروست دەکەن کە دەیانەوێت هەنگاوێک بڕۆنە پێشەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ