باڵیۆزی تورکیا لە تاران: بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا پشت بە ئێران دەبەستین

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئێران دەڵێت، باڵیۆزی تورکیا لە تاران رایگەیاندووە، ئەنقەرە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، چاوی لەوەیە ئێران رۆڵێکی بونیادنەرانە بگێڕێت. 
 
حیجابی کرلانگیچ، باڵیۆزی تورکیا لە تاران لە هەڤپەیڤینێکدا بە میدیای ئێرانی گوتووە، ئەنقەرە دەیەوێت "هیچ هەڕەشەیەکی تیرۆر لە نێوخۆی سووریاوە" بۆ سەر تورکیا دروست نەبێت، کە مەبەستێکی سەرەکی لێی هێزە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستانە. 
 
لە دوو مانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک ئامادەیی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەدی هاوتا سوورییەکەی دەربڕی، بەڵام سووریا دەڵێت، مەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ئەوەیە کە تورکیا هەموو هێزەکانی لە خاکەکەی بکشێنێتەوە. 
 
وەک لە راپۆرتی میدیای ئێرانیدا هاتووە، باڵیۆزی تورکیا لە ئێران گوتوویەتی، پێداگریی دیمەشق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا "رێگە بۆ ئەو ئاژاوەیە خۆشدەکات" کە بە گوتەی خۆی، ئەمریکا لە سووریا دروستیکردووە. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە هێزێکی کوردستانی سەرەکیی پێکهێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە، لە لایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت. 
 
باڵیۆزەکەی تورکیا ئەمریکای تۆمەتبارکردووە بەوەی لە سووریا یارمەتیی "ژمارەیەک گرووپی تیرۆریستی" دەدات کە "رێکخراو پێکبهێنن"، هەروەها گوتوویەتی، "چاومان لەوەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەینەوە. ئێمە رۆڵی ئێران بە گرنگ دەبینین بۆ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ سووریا". 
 
کرلانگیچ پێیوایە، بە پێکەوەکارکردن، تورکیا و ئێران دەتوانن لە "کێشەکانی" ناوچەکە "چارەسەربکەن"؛ دەشڵێت، "زۆر پێویستمان بەوەیە خۆمان بڕیارەکان بدەین و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بکەین. ئێران و تورکیا رۆڵێکی گەورەیان لەو بوارەدا هەیە. پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سووریا دەکرێت سووریا هانبدەن بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو ئاشتبوونەوە لەگەڵ تورکیا بنێت."
 
باڵیۆزەکە باسی لەوە کردووە کە تورکیا "چاوی لە خاکی وڵاتانی دیکە نییە و تەنیا دەیەوێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت"، هەروەها ئەنقەرە "گرنگیی زۆر بە ئاسایشی خاکی سووریا دەدات،" هۆشداریشی داوە لەو شتەی کە بە "دابەشبوونی" سووریای ناوبردووە و دەڵێت، دەبێتە هۆی "کێشە" لە ناوچەکەدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە