وەزیری دادی تورکیا: دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو پەیوەندیی بە سەرۆککۆمارەوە نییە

19-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەڵێت، ''پەیوەندیدارکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بە بەڕێز سەرۆککۆمارمان، بەزاندنی سنوورە''.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 19ی ئاداری 2025 لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ کراون، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە تۆمەتی ''هاوکاریکردنی ریکخراوی تیرۆریستی و گەندەڵیی دارایی'' دەستگیرکراوە.
 
بە گوتەی وەزیری دادی تورکیا، هەر لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانە دا 105 کەسی دیکەش بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون.
 
تونچ گوتی، ''دەسەڵاتی دادوەری بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن، لەلایەن دادگەوە جێبەجێدەکرێت. سەروەریی یاسا بنچینەیە و لە بەرامبەر یاسادا هەمووان یەکسانن، جیاوازی لە نێوان هیچ چینێک ناکرێت''.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری- جەهەپە هەر ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو رەخنەی لە سەرۆککۆماری تورکیا گرت، ''ئەو (ئەردۆغان) دەیگوت، هەر کەسێک ئیستەنبووڵ بدۆڕێنێت، تورکیاش دەدۆڕێنێت، هەر کەسێک ئیستەنبووڵ بباتەوە، تورکیاش دەباتەوە. ئەو (ئەردۆغان)، بۆ سێ جار لەسەریەک ئیستەنبووڵی بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دۆڕاند''.
 
وەزیری دادی تورکیا لە وەڵامی سەرۆکی جەهەپەدا گوتی، ''پەیوەندیدارکردنی ئەو دۆسیەیە و لێکۆڵینەوانەی دەسەڵاتی دادوەری بە بەڕێز سەرۆککۆمارمان، بە دەستەواژەیەکی سادە بیڵێم؛ بەزاندن و نەزانینی سنوورە. دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە وڵاتەکەماندا بنچینەن''.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستگیرکرا.
 
ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئیمامئۆغڵو لە سەروبەندی ئەوەیە، خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە، بەربژێر بکات.
 
ئیمامئۆغڵو لە ساڵانی نێوان 2019-2024 سێ جار لەسەریەک وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردراوە.
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2019، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە 4 ملیۆن و 169 هەزار و 765 دەنگ و بینالی یڵدرم بەربژێری ئاکپارتی 4 ملیۆن و 156 هەزار و 36 دەنگی بەدەستهێنا. ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە 13 هەزار و 720 دەنگ هەڵبژاردنی شارەوانیی ئیستەنبووڵی بردەوە. دوای 18 رۆژ، بە پاساوی ساختەکردن لە دەنگ، هەڵبژاردنەکە هەڵوەشێندرایەوە و قەیووم بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دانرا. 
 
رۆژی 23ـی حوزەیرانی 2019، هەڵبژاردن دووبارە کرایەوە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو 4 ملیۆن و 742 هەزار و 82 دەنگی بەدەستهێنا. لە بەرامبەردا بینالی یڵدرم سێ ملیۆن و 936 هەزار و 68 دەنگی بەدەستهێنا. بەمەش ئیمامئۆغڵو بە جیاوازی 806 هەزار و 14 دەنگ بردیەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەک سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.
 
رۆژی 31ـی ئاداری 2024، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە 4 ملیۆن و 432 هەزار و 862 دەنگی بەدەستهێنا. موراد کوروم، بەربژێری ئاکپارتی سێ ملیۆن و 431 هەزار و 588 دەنگی بەدەستهێنا. بەمەش ئیمامئۆغڵو بە جیاوازی یەک ملیۆن و هەزار و 274 دەنگ بردیەوە و بۆ جاری سێیەم بووە سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە