رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، پێشبینی دەکەن کۆتایی ئەم مانگە، یان سەرەتای مانگی داهاتوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەیامەکەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری بڵاوبکاتەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، لە ئەنقەرە گوتارێکیان پێشکێشکرد. هاتیمئۆغوڵڵاری دوای گوتارەکە، لەبارەی دوایین پێشهاتەکان لەبارەی پرسی کورد قسەی بۆ شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە کرد.
هاوسەرۆکی پارتەکە بە رووداوی گوت "چاوەڕێی گەڕانەوەی شاندەکەمانین لە هەرێمی کوردستان. دوایین زانیارییەکان و پێشهاتەکان لە کوردستان لەگەڵ شاندەکە تاوتوێ دەکەین. دواتر سەردانی ئیمرالی دەکەنەوە و دوایین زانیاریی و هەڵوێستەکان بە بەڕێز ئۆجەلان دەگەیێنن."
هاتیمئۆغوڵڵاری لەبارەی پەیامەکە چاوەڕوانکراوەکەی ئۆجەلان گوتی "پێشبینی دەکەین، بەڕێزیان کۆتایی مانگ یان سەرەتای مانگی داهاتوو بڵاویبکاتەوە. پێشبینی دەکەین لە پەیامەکەدا نەخشەڕێگەی نوێی پرۆسەی ئاشتی رابگەیێنێت. نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەی کورد بەڕێگەی دیموکراسی و ئاشتی بگیرێتەبەر."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لەو باوەڕەدان، ئەو بانگەوازەی ئۆجەلان دەیکات، لە چارەسەرکردنی پرسی کورددا دەبێتە دەستپێکێکی نوێ. هیواشی خواست حکومەتی تورکیا ''بە هزرێکی ژیرانەی دەسەڵاتدارییەوە، هاوکار بن بۆ ئەو نەخشەڕێگەیەی لە بانگەوازەکەدا رادەگەیێندرێت و نیازپاکی نیشان بدەن.''
سەبارەت بە پرسی دانانی چەک لەلایەن پەکەکە و چاوەڕوانییەکانیان لە حکومەتی تورکیا، هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: "ئەو هەنگاوانەی پێویستە حکومەت بیاننێت، روون و ئاشکران. پێویستە جەخت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بکاتەوە، چونکە کێشەی کورد بە چەک هەڵگرتنی پەکەکە دەستیپێنەکردووە، ئەمە کێشەیەکی 100 ساڵەیە. چاوەڕێ دەکەین هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە دیموکراسی و ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێت."
گفتوگۆکان لەباریە پرسی کورد چۆن دەستیانپێکرد؟
لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازبکات.
شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا دوو جار سەردانی ئۆجەلانیان لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند. رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە، لە پەیامەکانی جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە شاندەکە، چەند رۆژێک لەمەوپێش سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و، لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و نێوەڕۆکی پەیامەکانی ئۆجەلانیان تاوتوێکرد.
رۆژێک دواتر سەردانی سلێمانییان کرد و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکە ئەمڕۆش لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی هاوسەرۆکی دەم پارتی:
رووداو: لەبارەی بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان، نەخشەڕێگەی نوێ هەیە؟ کەی پەیام و بانگەواز پێشکێش دەکات؟ دوایین زانیاری لەمبارەیەوە چییە؟
هاتیمئۆغوڵڵاری: بۆ کاتی بانگەوازەکە، چاوەڕێی گەڕانەوەی شاندەکەمانین لە هەرێمی کوردستان. دوایین زانیارییەکان و پێشهاتەکان لە کوردستان لەگەڵ شاندەکە تاوتوێ دەکەین. دواتر سەردانی ئیمراڵی دەکەنەوە و دوایین زانیاریی و هەڵوێستەکان بە بەڕێز ئۆجەلان دەگەیێنن. پێشبینی دەکەین بانگەوازی بەڕێزیان کۆتایی مانگ یان سەرەتای مانگی داهاتوو دەبێت. لەبارەی ناوەڕۆکی پەیام و بانگەوازەکەش، پێشتر بۆ رای گشتیی بڵاوکرایەوە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە پرسی کوردەوە هەبوو. باسی لە زەمینەسازی گۆڕینی پرسەکە لە چەکدارییەوە بۆ سیاسی و دیموکراسی کردبوو. پێشبینی دەکەین لە پەیام و بانگەوازەکەیدا نەخشەڕێگەی نوێی پرۆسەی ئاشتیی رابگەیێنێت. نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەی کورد بە رێگەی دیموکراسی و ئاشتی بگیرێتەبەر. لەو باوەڕەداین، پەیام و بانگەوازەکەیان دەبێتە رێبازێک و دەستپێکێکی نوێ بۆ قۆناخی چارەسەرکردنی پرسی کورد. هیوادارم بەرپرسانی دەسەڵات بە هزری دەوڵەتمەداری و ژیریی فەرمانڕەواییەوە، هاوئاهەنگ و هاریکار بن بۆ ئەو نەخشەڕێگەیەی کە لە پەیام و بانگەوازەکەدا رادەگەیێندرێت. ئەوانیش پەیامی ئاشتی و نیازپاکی نیشان بدەن.
رووداو: لەبارەی دانانی چەک، هیچ داواکارییەکی بەرجەستەکراو هەیە. ئەو هەنگاوانە چین کە پێویستە حکومەت لەمبارەیەوە بیاننێت؟
هاتیمئۆغوڵڵاری: ئەو هەنگاوانەی پێویستە حکومەت بیاننێت، روون و ئاشکران. پێویستە جەخت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد بکات، چونکە کێشەی کورد بە چەکهەڵگرتنی پەکەکە دەستیپێنەکردووە، ئەمە کێشەیەکی 100 ساڵەیە. چاوەڕێ دەکەین هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی کێشەی کورد بە دیموکراسی و ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێت. بەردەوام لە گوتار و لێدوان و روونکردنەوەکانماندا باسمان کردوون. دانانی قەییوم و هەڵمەتی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکان، پرۆسەکە بەلاڕێدا دەبەن. لێرەشەوە داوا لە حکومەت و دەسەڵات دەکەین پێویستە پەرەی زیاتر بەم دانووستاندن و دیالۆگانە بدرێت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسی و ئاشتیخوازانە. چاوەڕێی هەنگاوی بەرجەستەکراو و جدین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ