سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ پشووە

19-02-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بەفربارین سنووری پارێزگای ئیستەنبووڵی تورکیای گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە سبەی لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگەکە کرایە پشوو.
 
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی شوباتی 2025، بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیستەنبووڵ دەستیپێکرد، دواتریش تەواوی شارۆچکەکانی پارێزگەکەی گرتەوە، بەتایبەتی لە شارۆچکەکانی سوڵتانگازی، ئەیوبسوڵتان و کوچوکچەکمەجە، بەراورد بە شارۆچکەکانی دیکە، زیاتر باری.
 
هاوکات بەهۆی بەفرەکەوە لە تەواوی پارێزگەکە ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروستبوو. چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو بەفربارینەکە زیاتر بێت و لە هەندێک ناوچە نزیکەی 40 سانتیمەتر بەفر بکەوێت.
 
بەگوێرەی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا، بەفربارین لە پارێزگەگە تاوەکو پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی بەفربارینەوە، سبەی پێنجشەممە لە تەواوی شارۆچکەکانی پارێزگەکە لە قوتابخانەکان پشووە.
 
پارێزگاری ئیستەنبووڵ هەروەها هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدات، ئاگاداری خۆیان بن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، نەیەنە دەرەوە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، سبەی پێنجشەممە پلەی گەرما لە نێوان یەک بۆ سێ پلە دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە