رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە دەڵێت، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی نیسانی 2022 راگەیێندراوێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە.
هەپەگە ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر هێزی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشینیان لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکەیان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامانجەی لە قۆناخی یەکەمدا دیاریکرابوو، بەدەستهاتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە بێت، لە کاژێر 04:20 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای تورکیا گوشارەکانی بۆسەر چیای وەرخەلێ چڕکردووەتەوە. تاوەکو کاژێر 09:40 لە چیای وەرخەلێ کە تورکیا هەوڵ دەدات دەستی بەسەردا بگرێت، شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان گەریلاکانیان و سەربازانی سوپای تورکیادا بەردەوام بووە.
بەپێی ئاماری بەرپرسانی ئیداریی سنووری پارێزگای دهۆک کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگاکە 380 گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون.
هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە 34 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ