رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشەکەی کۆبانێ دەڵێت، ''لە ئۆپەراسیۆنەکانمان خەڵکی سڤیل ناکەینە ئامانج''.
ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی زانیاریی نادروست سەر بە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا شەوی دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025 لە هەژماری فەرمیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە، ''لە هەندێک دەزگای میدیایی بڵاوکراوەتەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی سەربازی تورکیا، بە کاتی شەو هێرشی کردووەتە سەر گوندێک لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، تێیدا دایکێک، باوکێک و حەوت منداڵ کوژراون''.
ئەو ناوەندە دەڵێت، ''دەنگۆی لەم شێوەیە راست نییە. ئەو ئۆپەراسیۆنانەی هێزە چەکدارەکانی تورک (سوپای تورکیا) لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوە و دەرەوەی وڵات دەیانکات، راستەوخۆ بۆ سەر رێکخراوە تیرۆریستییەکانە. ئەم ئۆپەراسیۆنانە، بۆ ئەوەی زیان بە کەسانی سڤیل نەگەیینێت، بەوپەڕی هەستیارییەوە پلانیان بۆ دادەنرێن''.
ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی زانیاریی نادروستی تورکیا باسی لەوەش کرد، ''ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان، پاراستنی ئاسایشی سنوورمان و بەئامانجگرتنی ئەو پێکهاتە تیرۆریستییانەیە، نەهێشتنی ئەو هێرشانەیە کە بۆ سەر گەل و هێزەکانی ئاسایشمان دەکرێن''.
ئەوە لە کاتێکدایە، هێزەکانی سووریای دیموکراست (هەسەدە) لە تەلەگرامدا رایگەیاند، فڕۆکەکانی تورکیا لە دوا کاژێرەکانی شەوی یەکشەممە، 16ـی ئەم مانگە، "خێزانێکی جووتیاری لە باشووری کۆبانێ بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا 9 کەسی یەک خێزان شەهید بوون و دوو کەسیش لە هەمان خێزان بریندار بوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ