لە ئەرزەڕۆم سێ سەرۆک شارەوانی چوونە ریزەکانی ئاکپارتی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو سەرۆک شارەوانیی سەرلەنوێ رەفاهـ و سەرۆک شارەوانییەکی ئیی پارتی لە سێ شارۆچکەی پارێزگای ئەرزەڕۆم، دەستیان لە پارتەکانیان کێشایەوە و چوونە ریزەکانی ئاکپارتی.
 
لە 23مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئاکپارتیدا خەیرەددین ئۆزدەمیر، سەرۆکی شارەوانیی خۆراسان، کە دەستی لە ئیی پارتی کێشابووەوە، پەیوەندیی بە ئاکپارتی کرد و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا.
 
هەروەها ئەمروڵڵا ئاکپنار، سەرۆکی شارەوانیی عەزیزیە و نەوزاد کاراسو، سەرۆکی شارەوانیی کۆپروکۆی، کە هەردووکیان لەسەر لیستی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ هەڵبژێردرابوون، بە هەمان شێوە پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
 
خەیرەددین ئۆزدەمیر بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەچوو، داواکاریی پێشکێشی ئاکپارتی کردبوو بۆ ئەوەی بیکەنە بەربژێر. ئەوکات ئاکپارتی ئەو داواکارییەی رەتکردەوە و کەسێکی دیکەی بەربژێر کرد. ئەوە بوو ئۆزدەمیر لەسەر لیستی سەرلەنوێ رەفاهـ بەربژێر بوو و شارەوانییەکەی بۆ سەرلەنوێ رەفاهـ بردەوە.
 
بەگوێرەی یاسای کۆماری تورکیا، سەرۆکی شارەوانی و پەرلەمانتار دەتوانن دەست لە پارتەکەیان بکێشنەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ درێژە بە ئەرکەکانیان بدەن. یان دەتوانن پەیوەندیی بە پارتێکی دیکەوە بکەن و وەکو سەرۆکشارەوانی یان پەرلەمانتاری ئەو پارتە کار بکەن.
 
لە پارێزگای ئەرزەڕۆم 20 بازنەی شارەوانی هەیە وبەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکان ئێستا؛ ئاکپارتی 12، دەم پارتی 3، جەهەپە 2، مەهەپە 2، پارتی یەکێتیی مەزن 1 بازنەی شارەوانییان لەدەستە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە