رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانێکی پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئاگر لە دارستانی قەزای ئورلا لە پارێزگای ئیزمیر لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتووەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له ههوڵی کوژاندنەوەیدان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرەتا ئاگرەکە تەنیا لە دارستانێک کەوتووەتەوە، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە تەشەنەی سەندووە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی 11 شۆفڵ، سێ تانکەری گەورەی ئاو، 14 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، هێلیکۆپتەرێک و 145 کارمەندەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
چەند هەفتەیەکە ئاگرکەوتنەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا زۆر بووە.
شەوی 20ی مانگ، ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان ئامەد و مێردینی باکووری کوردستان کەوتەوە و لە ئەنجامدا 15 هاونیشتمانیی گیانیان لەدەستدا و 75 هاونیشتمانیی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتبوونەوە و لە ئەنجامدا شەش هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتابوو؛ هەروەها 4 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 111 کەسیش بریندارببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ