رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە، دەستگیرکردنی 106 کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی هەر سێ شارۆچکەی چەشمە، دیکیلی و ئورلا لە پارێزگای ئیزمیر راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئاداری 2024، تیمەکانی جەندرمە ژمارەیەک بەلەمێکی چووپی لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی چەشمە، دیکیلی و ئورلا لە پارێزگای ئیزمیر بەدیکردووە کە 106 کۆچبەری نایاسایی لەخۆ گرتبوو.
کۆچبەرەکان لە دەریای ئیجەوە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ یۆنان، بەڵام دوای چەند کیلۆمەترێک لە بەڕێکەوتنیان، لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە دەستگیرکران.
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رەگەزنامەی کۆچبەرەکان بکات، باس لەوە دەکات کە کۆچبەرەکان دوای پشکنینی تەندروستیی بۆیان، رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پارێزگاکە کران.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2023، لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی زریانەوە ژێرئاوکەوت، حەوت کۆچبەر رزگارکران و پێنج کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2022، تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگاربکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن.
هاوکات، لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیرکراون.
هەروەها لە ساڵی 2021دا 49 هەزار و 518 کۆچبەر 1617 جار لە دەریای ئیجەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی پەڕینەوەیانداوە.
بەهۆیەوە 31 هەزار و 587 کۆچبەر لە خنکان رزگارکراون و دەستگیرکراون، کە 355یان برینداربوون و 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 293 قاچاخچی دەستگیرکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ