رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی سێشەممە 13-11-2024 بەڕێوەچوو، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە پرسیاری رۆژنامەڤانێک لەبارەی پرسی چارەسەری تووڕە بوو و گوتی، "واز لەو پرسیارانە بێنن کە جیاکاری دروست دەکەن."
لە گوتارەکەیدا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) باسی لە دیالۆگ و نزیکبوونەوەی تورک و کورد کرد و گوتی، "لەپشت هەموو شتێکەوە وەستاوین کە دەیکەین و دەیڵێین. هیچ شتێکمان نییە شەرمی لێ بکەین و پێی شەرمەزار بین. تیرۆر کۆتایی دێت و دابەشکاری نامێنێت. ئامانج و هەوڵی ئێمە بۆ ئەمەیە."
دوای دەرچوونی لە هۆڵی کۆبوونەوە، رۆژنامەڤانێک لە باخچەلی پرسی، "ئایا لە پرسی چارەسەریدا لەگەڵ سەرۆککۆمار بۆچوونتان جیاوازە؟"
ئەو پرسیارە دەوڵەت باخچەلی تووڕە کرد و گوتی، "بەر لە هەموو شتێک خوشک و برایانی میدیاکار، واز لەو کارانە بهێنن کە دنەی تورکیا دەدەن و جیاکاری دروستدەکەن. ئەگەر واز لەوە ناهێنن، واز لە پیشەکەتان بێنن."
دەنیز یوجەل، گوتەبێژی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لەو وەڵامەی باخچەلی کرد و گوتی، "بەڕێز باخچەلی! میدیا دەنگی هاوبەشی گەلێکە. بەڵام دیارە ئێوە دەنگی هاوبەشتان ناوێت و بەو دەنگە راهاتوون کە خۆتان دەتانەوێت. ئەگەرنا بۆچی بەو پرسیارە تووڕە دەبن کە پرسیاری هەمووانە؟"
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ