رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بۆردوومانکردنی 29 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، فڕۆکە و درۆنە جەنگییەکانی سەر بە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان بە هاوئاهەنگی دەزگای هەواڵگری، کاژێر 00:30ی خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2024، 29 پێگەی پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومانکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە مەبەستی لەنێوبردنی ئەندامانی پەکەکە، نەهێشتنی ئەو "هێرش و هەڕەشانە"ی لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێنە سەر هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و خەڵکی و بۆ پاراستنی سنوورەکان؛ هێرشە ئاسمانییەکان لە ناوچەکانی گارە، مەتین، خواکوڕک و قەندیل ئەنجامدران.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە هێرشەکەدا 29 پێگەی پەکەکە لە حەشارگە، ئەشکەوت، کۆگەی چەک و تەقەمەنی کراونەتە ئامانج و ئاماژە بەوەشکراوە، خەڵکی سڤیل، لایەنی دۆست، شوێنە مێژوویی و کولتوورییەکان زیانیان بەرنەکەوتووە.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی نۆ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە ناوچەی زاپ لە پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەی رۆژی هەینی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە راگەیاند.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ