رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو وڵات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، گەیشتە مەدرید-ی پایتەختی ئیسپانیا.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەسەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو حکومەت، بەسەردانێکی فەرمیی گەیشتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا لەلایەن فێرناندۆ سامپێدرۆ مارکۆس، وەزیری دەرەوەی و لێپرسراوی کاروباری یەکێتیی ئەورووپای حکوومەتی ئیسپانیا؛ کریستینا لاتۆرێ، باڵیۆزی ئیسپانیا لە ئەنقەرە و ناکیت کوچوکەل ئەزبەرجی، باڵیۆزی تورکیا لە مەدرید پێشوازی لێکرا.
لەو سەردانەیەدا، ھەریەک لە ئەمینە ئەردۆغان، هاوژینی سەرۆککۆمار؛ ماهینور ئۆزدەمیر، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان؛ محەمەد شیمشەک، وەزیری خەزێنە و دارایی؛ مەھمەت فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژی، ئیبراھیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستان؛ عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی؛ ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت)؛ باڵیۆز ئاکیف چاغتای کڵچ، راوێژکاری باڵای سەرکۆمار بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەکی و ئەمنی؛ و چاغاتای ئۆزدەمیر، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار؛ یاوەری ئەردۆغان دەکەن.
بڕیارە سبەی پێنجشەممە (13ـی حوزەیرانی 2024) دیدارە فەرمییەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی وڵات و بەرپرسە باڵاکانی ئیسپانیا دەست پێبکات.
مێژووی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسپانیا بۆ سەرەتای ساڵی 1933 دەگەڕێتەوە. لە ساڵی 1951 ئاستی پەیوەندییە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنی باڵیۆز لەنێوان هەردوو وڵات پەرەی سەند. بە رەزامەندی تورکیا، ساڵی 1980 ئیسپانیا بووە ئەندامی ناتۆ، بەمەش پەیوەندییەکان بەرەوپێشچوونی زیاتری بەخۆیەوە بینی. ئیسپانیا لە سەرجەم قۆناخەکاندا پاڵپشتی لە تورکیا کردووە بۆ بوون بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە ساڵی 2023دا گەیشتە 19.2 ملیار دۆلار. پار، 324 هەزار و 690 گەشتیاری ئیسپانی بۆ گەشتکردن سەردانی تورکیایان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ