رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکە لە پارێزگای مێرسینی تورکیا کە سەر بە دەم پارتین دەستبەسەرن، ئەمڕۆش رەوانەی دادگە کران.
رۆژی یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، هەریەک لە هۆشیار ساریڵدز و نوورییە ئاسڵان، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز؛ ئۆزگور چاغڵار، حیکمەت باکرهان و نەسلیهان ئۆروچ، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاکدەنیز رەوانەی دادگە کران.
ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و لایەنگرانی دەم پارتی لەبەردەم باڵەخانەی دادگەدا ئامادەبوون.
ئەوە لە کاتێکدایە کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە بەردەوامە.
شەوی رابردوو بەشێک لە بەرپرس و لایەنگرانی دەم پارتی لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانییەکە گردبوونەوە.
محەممەد روشتو تیریاکی، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی کە لەنێو گردبوونەوەکەدا بوو رایگەیاند: ''تاوەکو هاوڕێکانمان ئازاد نەکرێن، کۆڵنادەین. سبەی لەبەردەم بینای دادگەدا چاوەڕێی هەمووان دەکەین. کەس ناتوانێت ویستمان زەوت بکات''.
تیریاکی گوتیشی: ''ئەمڕۆ لە ئاکدەنیز قەییوم دابنرێت، سبەی لە هەموو شوێنێکی کوردستان قەییوم دادەنرێت. رێگە بەمە نادەین''.
رۆژی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای مێرسین هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و هەریەک لە هۆشیار ساریڵدز و نوورییە ئاسڵان، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز؛ ئۆزگور چاغڵار، حیکمەت باکرهان و نەسلیهان ئۆروچ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی ئاکدەنیزیان دەستبەسەرکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ