رووداو دیجیتاڵ
شاندی دەم پارتی ئەمڕۆ سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە کۆجائەلی دەکات و دیداری لەگەڵ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەبێت.
بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی کانوونی دووەمی 2025، شاندی پارتەکە سەردانی فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکات.
شاندەکە بڕیارە کاژێر 13:00ی دوای نیوەڕۆ سەردانی گرتووخانەی کاندرا لە پارێزگەی کۆجائەلیی تورکیا بکات و چاوی بە یوکسەکداغ بکەوێت.
دوێنێ شاندەکە کە هاوشێوەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی دیکە لە ئەحمەد تورک، پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، سەردانی دەمیرتاشی کرد.
سری سورەیا ئۆندەر رایگەیاند، تەندروستیی دەمیرتاش باشە و بە تەواوی پاڵپشتی لەو پرۆسەیە دەکات ئێستا هەیە.
ئۆندەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە میدیاکانی تورکیادا هەوڵ بۆ چەواشەکاری و بەلارێدابردنی پرۆسەکە دەدرێت و گوتی، ئەو هەڵسوکەوتە خزمەت بە ئاشتی ناکات.
سەبارەت بە سەردانی دووەمی شاندەکە بۆ ئیمرالی، ئۆندەر گوتی: ''هێشتا دیار نییە، بەڵام پێمان وا نییە زۆر بخایەنێت''.
ئەحمەد تورکیش گوتی: ''برایەتیی هەزار ساڵەی کورد و تورک مێژووییەکی دێرینی هەیە. لە دوایین سەت ساڵدا بینیمان ئەمە شێوێندرا. ئامانجی ئێمە، دووبارە باوەش بەیەکداکردنی دوو گەلە کە هەزاران ساڵە بەیەکەوە دەژین''.
پەروین بوڵدانیش رایگەیاند: ''دەمانەوێت بڵێین، بە هەوڵ و پاڵپشتیی هەموو لایەکمان ئەم پرۆسەیە بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی دەگۆڕدرێت''.
دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە گرتووخانەی ئەدیرنە، دەمیرتاش لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''سوپاسی شاندەکەمان دەکەم کە بە پەرۆشی و جیدییەکی زۆرەوە درێژە بە کارەکانیان دەدەن، هەروەها دەمەوێت بڵێم کە متمانە و پشتیوانیی تەواوم بۆ شاندەکەمان، دەم پارتیمان و بەتایبەتیش بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە کە لە دوورگەی گۆشەگیرکردنی ئیمرالییە و هەوڵی جیدی بۆ چارەسەریی دیموکراسی و ئاشتی دەدات".
فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە لە ساڵی 2016وە لە زیندانن، لەنێو ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپەدان کە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ دادگایی کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ