داعش هەڕەشە لە توركیا دەكات

12-09-2014
سەركەوت رۆستەم
نیشانەکردن توركیا - داعش
A+ A-
رووداو - هەولێر

گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) ئەمجارە توركیا دەكاتە مەبەست لە هەڕەشەكانی و رایدەگەیێنێت، ئەگەر بەشداربێت لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكە، ئەوا هێرش دژ بە گەشتیارە ئەوروپییەكانی توركیا ئەنجام دەدات.

بە گوێرەی رۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی، گرووپی داعش هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش لەناو توركیا دەكات ئەگەر ئەو وڵاتە بەشداری ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییە بكات كە باراك ئۆباما بۆ دژایەتی داعش بە بەشداری 4 وڵات رایگەیاندووە.

رۆژنامەكە ئامەژەی بەوە كردووە، لەم وەرزەدا ژمارەیەكی زۆر گەشتیاری بەریتانی روویان لە توركیا كردووە بەمەبەستی بەسەربردنی پشووی هاوینەیان لە دوورگە و كەنارەوەكانی ئەو وڵاتە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو چەندین بڵاوكراوە لە نێو گەشتیاران و شوێنە گەشتیارییەكان بڵاوكراونەتەوە كە تێیاندا داوا لە خەڵكەكە دەكرێت دووربكەونەوە لە ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچیكردنی بنەماكانی ئیسلام.

وەك رۆژنامەكە بڵاویكردووەتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەو بڵاوكراوانە زیاتر وەك پەیامێك لێكدەدرێتەوە بۆ توركیا، واتە داعش دەیەوێت بە توركیا رابگەیێنێت كە شانەی نووستووی لەو وڵاتە دا هەیە،

سەرەڕای ئەوەی هاوپەیمانێتییەكەی ئۆباما دژ بە داعش زۆر پێویستی بە توركیا هەیە، بەڵام لەبەرامبەر ئەو كارتە فشارانەی داعش بەرامبەر توركیا بەكاریان دەهێنێت، ئەوانیش هەڕەشەی هێرشكردن بۆ سەر وڵاتەكە و كوشتنی دیپۆلماتكارە رفێندراوەكان، بۆیە توركیا بە ئاشكرا بەشداری هاوپەیمانێتییەی رانەگیاندووە. ئەگەرچی ئەمڕۆ لە لوتكەی جەددەی پایتەختی سوعدیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەگەڵ 10 وڵاتە عەرەبییەكە و ئەمریكا بەشداربوو، بەڵام بەڵام لە راگەیێندراوی كۆتاییدا ئامادەنەبوو.

هەروەها سەرچاوەیەك لە حكومەتی توركیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "توركیا بەشداری لەو پرۆسە سەربازییە ناكات لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی كە ویلایەتەیەكگرتووەكان رابەرایەتی دەكات بۆ لێدانی داعش لە هەردوو وڵاتی دراوسێی، كە عێراق و سووریان". سەرچاوەكە دەشڵێت "توركیا رێگە بەو هاوپەیمانییە دەدات كە بنكەی ئەنجەرلیك بەكاربهێنن، تەنیا بۆ پێداویستی لۆژیستی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە