رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکان سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی نیسانی 2024ی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، نزیکەی 18 ملیۆن كهس لێیانەوە گەشتیان کردووە.
لە مانگی نیساندا، فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان خزمەتگوزارییان پێشکێشی 17 ملیۆن و 973 ھەزار و 101 کەس کردووە؛ هەروەها 178 هەزار و 614 فڕۆکە گەشتیان لەو فڕۆکەخانانەوە کردووە و 372 هەزار و 430 تۆن باری کارگۆیشی هەبووە.
بەمەش، لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، 61 ملیۆن و 879 هەزار و 94 کەس لە رێگەی 653 هەزار و 472 فڕۆکەوە گەشتی ئاسمانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کردووە. هەروەها یەک ملیۆن و 373 هەزار و 395 تۆن کەلوپەلیش بە کارگۆ لەم فڕۆکەخانانەوە گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، پار 214 ملیۆن و 232 هەزار و 985 کەس لە رێگەی 2 ملیۆن و 167 هەزار و 19 فڕۆکەوە لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی تورکیا و باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە. هەروەها 4 ملیۆن و 211 هەزار و 919 تۆن کەلوپەل لەو فڕۆکەخانانەوە بە فڕۆکەی کارگۆ گوێزراونەتەوە.
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن، کە 18یان لە باکووری کوردستانن. هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وان، نێودەوڵەتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ