ئەردۆغان: ئیسرائیل کەمینەکانی سووریا دژی حکومەت هان دەدات

11-04-2025
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و بەوە تۆمەتباری دەکات کە پێکهاتەکانی سووریا دژی دەسەڵاتی دیمەشق هان دەدات. 
 
رۆژی هەینی 11-4-2025 رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا گوتارێکی پێشکێش کرد و بەشێکی تایبەت کرد بە دۆخی سووریا. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رەخنەی لەو سیاسەتە گرت کە ئیسرائیل بەرامبەر سووریا جێبەجێی دەکات و رایگەیاند: "ئیسرائیل بە هاندانی ئایینی و ئیتنی، هەروەها بە هاندانی کەمینەکان دژی حکومەت، هەوڵ دەدات شۆڕشەکەی 8ـی کانوونی یەکەم تێکبدات". 
 
8ـی کانوونی یەکەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا بە سەرۆکایەتیی دەستەی تەحریری شام کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. 
 
سووریا وڵاتێکی فرە پێکهاتەیە، سەرەکیترینیان بریتین لە عەرەبی سوننە، کورد، عەلەوی (شیعەن)، کریستیان و دروزەکان. 
 
دروزەکان پێکهاتەیەکی ئایینیی سووریان و نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن و زیاتر لە پارێزگاکانی باشووری سووریان و کاروباری خۆیان لەو ناوچەیە بەڕێوە دەبەن. 
 
لە چەند مانگی رابردوودا ئیسرائیل چەند جارێک لەبارەی دروزەکانی سووریا قسەی کردووە. 2ـی ئاداری 2025 جەدعون سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دروزەکان هەیە. ئێمەش لە ئیسرائیل کەمینەی دروزمان هەیە. گرنگە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق رێز لە مافی کەمینەکان، لەوانە دروزەکان بگرن."
 
بەرپرسانی ئیسرائیل لەبارەی کوردیش قسەیان کردووە. 18ـی کانوونی یەکەمی 2024 وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یانز پلۆتنەر، گەورە راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی هەبێت لە پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا، لەنێویشیان پێکهاتەی کورد کە لە رۆژانی رابردوودا لەژێر هێرش و هەڕەشەدا بوون."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە