رووداو دیجیتاڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی و دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری رێگای بۆ پرۆسەی چارەسەری خۆشکردووە و گوتیشی، "تاوەکو کۆتایی لەسەر ئەم رێگایە دەڕۆین." ئەمرۆ دووشەممە 12-10-2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمیی 2026-2027ی زانکۆی غازی عەنتاب لە پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد. کورتوڵموش ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا کرد لە رابردوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە و گوتی: " ژمارەیەکی زۆر کەس هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دا، بەڵام نەیانتوانی سەرکەوتوو بن. بازنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەو سەردەمە رێگەیان بە کۆتاییهاتنی ئەم پرسە نەدەدا." لە بارەی پرۆسەی چارەسەری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ستایشی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی کرد و دوو هەنگاوی گرنگی پرۆسەکەی بە "شانازیی دیموکراسیی تورکیا" ناوبرد، ئەوانیش پیکهێنانی کۆمیسیۆنی ئاشتی و نووسینەوەی راپۆرتەکەی بۆ پەرلەمان، هەروەها تێپەڕاندنی یاسایەکی تایبەت بە پرۆسە بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان. "تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبین" سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دا – کە لە تورکیا بە (یاسای چوارچێوە) ناسراوە - و گوتی: "لە ئەنجامی بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی پرۆسەکە و بە بەشداریی ئەرێنی و نیازپاکانەی هەموو لایەک، هەم راپۆرتێک وەک نەخشەڕێگا ئامادە کرا، هەمیش ئەو یاسایەی کە راپۆرتەکە داوای دەکرد پەسندکرا و رێگە بۆ پرۆسەکە کرایەوە." کورتوڵموش جەختی کردەوە لەوەی راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمان دەستپێکی کردنەوەی دەرگای پرۆسەکە بووە و دەرکردنی یاساکەش بووەتە کردنەوەی دەرگاکە تاوەکو کۆتایی. کورتوڵموس گوتی: " دەرگایەکی نوێ لە بەردەمماندا کراوەتەوە. ئەمە دەرگای ئاشتی، برایەتی، یەکێتی، پێکەوەژیان و پێکەوە گەشەکردنە لەگەڵ گەلانی هەموو وڵاتان و پەنا بەخوا تاوەکو کۆتایی لەسەر ئەم رێگایە دەڕۆین." لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بە (کۆمیسیۆنی ئاشتی) ناسراوە لە پەرلەمان بە بەشداریی هەموو پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا پێکهات و راپۆرتێکی بە دەنگی 47 ئەندام لە کۆی 50 ئەندام پەسند کرد کە کۆکراوەی پێشنیازی پارتە سیاسییەکان بوو بۆ پرۆسەکە. لەسەر ئەو راپۆتە لە 10-8-2026 یاسای ژمارە 7595 کە تایبەتە بە پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان بە دەنگی 467 پەرلەمانتار پەسند کرا، کە دەبێتە زەوینەی یاسایی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەریلاکانی پەکەکە لە دوای چەکدانان و گەڕانەوەیان.
تورکیا12-10-2026یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە: نزیکەی 230 سەرکردەی پەکەکە لە یاسای پڕۆسەی چارەسەری سوودمەند نابن