دەم پارتی لەبارەی دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان: باسی هەسەدە نەکرا

11-03-2025
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، لە دوایین سەردانی شاندەکەیان بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان باسی هەسەدەی نەکردووە. دەشڵێت، هەسەدە رێکخراوێک نییە لە دژی تورکیا دامەزرابێت.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، لە دوایین کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گرتووخانەی ئیمراڵی، باسی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نەکراوە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: ''هەسەدە لە تورکیا دانەمەزراوە، باس لە پێکهاتەیەکی سیاسی دەکەین، لە سووریا دامەزراوە و لەوێ خۆبەڕێوەبەریێکی هەیە. باس لە پێکهاتەیەک دەکەین، لە حەسەکە، قامشلۆ و کۆبانێ چالاکی دەکات، نەوەک لە ئورفا، دیاربەکر و عەنتاب. بەجۆرێک قسە دەکرێت، وەک ئەوەی هەموو ئەوانەی نێو هەسەدە کورد بن، ئەمڕۆ ئەو رێژەیە لەوانەیە ٪40 بێت''.
 
باکرهان هەر لەبارەی هەسەدەوە گوتی: ''ئەو لە تورکیا خەبات ناکات، هیچ شارێکی تورکیا بەڕێوەنابات و پەیوەندیی بە تورکیاوە نییە. بەڵام بێگومان لە ریشەی بابەتەکەدا پرسی کورد هەیە. لەوێش کورد بێ ناسنامە بوو، لەوێش تاکڕەوی دەسەپێندرا، بەدرێژایی سەت ساڵ لە سووریا ئەمە سەپێندرا. هەسەدە پێکهاتەیەکە لە دژی ئەمە دامەزراوە، نەوەک رێکخراوێک لە دژی تورکیا''.
 
یەپەگەی پێکهێنەری سەرەکی هەسەدە، لە لایەن تورکیاوە وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان سەیر دەکرێت.
 
رۆژی 27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە بانگەوازێکدا داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی رۆژی هەینی 28ـی شوباتی 2025، لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی: "پەكەكە، پەیەدە، یەپەگە و هەسەدە بە هەر ناوێک بن، دەبێت رێكخراوی تیرۆریستی بە هەموو بەشەكانی لە عێراق و سووریا چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە."
 
هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی یەکشەممە، 9ی ئاداری 2025، رایگەیاند: ''ئەو بانگەوازەی لە 27ی شوباتدا لە ئیمراڵییەوە کرا، بە روونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە هەموو درێژکراوە و گرووپەکانی دیکەی لەخۆدەگرێت''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە