ئەندامێکی سەرکردایەتیی جەهەپە: ئاکپارتی و دەم پارتی پرۆسەیەکی چارەسەری دەستپێدەکەن

11-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دەڵێت، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، پرۆسەیەکی چارەسەری لەنێوان ئاکپارتی و دەم پارتی دەستپێدەکات.
 
لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا عەلی حەیدەر فرات، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە گوتی، "دەتوانم بڵێم، ئیدی دەم پارتی نایەوێت تەنیا لە ئۆپۆزیسیۆن پێگەی هەبێت. هەروەک ئەوەی بەڕێز سەڵاحەدین باسی لێوە کرد، پێویستە لەگەڵ پارتەکانی دیکەش پەیوەندی دروست بکرێت."
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی جەهەپە باس لەوە دەکات، لە گوتەکانی دەمیرتاشەوە هەست بە گۆڕانکاری دەکات و گوتی، "دواجار گوتیان ئێمە ناچار نین لە هەڵبژاردندا کەس سەربخەین؛ ناچاریش نین لایەنێک بەهێز یانیش لاواز بکەین. دەکرێت ماف بە ئەوان بێت. ئێمە لە گۆشەنیگای خۆمانەوە ئەم پرۆسەیە بەو جۆرە دەخوێنینەوە؛ دەکرا ئەگەر هاوپەیمانێتیشمان واژۆ نەکردایە، لە چەند ناوچەیەکدا پشتیوانی و سازانمان هەبووایە."
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئەگەر هەیە ئاکپارتی دەست بکاتەوە بە پرۆسەی چارەسەری و نزیکبوونەوە لە دەم پارتی، عەلی حەیدەر فرات گوتی، "پێم وایە دەسەڵاتی ئێستای تورکیا دوای هەڵبژاردنی شارەوانی لەگەڵ کورد دەست بە پرۆسەیەکی چارەسەری دەکات، ئەوەش بەو چوارچێوەیەی خۆی دەیەوێت. بۆچی وەها بیر دەکەمەوە؟ زنجیرەیەک دیدار لە عێراق و ژمارەیەک هەنگاو و گۆڕانکاریی نێوخۆیی تورکیا پێمان دەڵێن کە ئاکپارتی دوای ئەوەی ئیستەنبووڵی بردەوە، ئیدی ئەوە دەستپێدەکات. ئاکپارتی ئێستا بە هەر جۆرێک بێت، دەیەوێت ئیستەنبووڵ بباتەوە. دوای هەڵبژاردنیش کراوە دەبێت بۆ دیالۆگ و دەست بە دیالۆگ لەبارەی دەستوورێکی نوێش دەکات."
 
هەڵوێستی مەهەپە لەسەر ئەم پرسە
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە لەبارەی هەڵوێستی مەهەپەی هاوپەیمانی ئاکپارتی رایگەیاند، "شکستی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، وا دەکات چەند گۆڕانکارییەک رووبدەن. پێم وانییە ئاکپارتی لەگەڵ مەهەپە دەست بە پرۆسەی دەستوورێکی نوێ بکات، بەڵکو هەردوو پرۆسەی چارەسەری و هەبوونی دەستووری نوێ لەگەڵ پێکهاتە کوردییەکان دەکرێت. وای دەبینم ئێستا ئامادەکاری دەکرێت."
 
عەلی حەیدەر فرات باسی لەوە کرد، ئاکپارتی کار لەسەر ئەوە دەکات چۆن لەگەڵ بزووتنەوە و هێزە کوردییەکان لە یەک کاتدا پرۆسەی چارەسەری و گۆڕینی دەستوور دەستپێبکات.
 
بەربژێرنەکردنی باشاک دەمیرتاش
 
دوای کشانەوەی باشاک دەمیرتاش لە بەربژێربوونی بۆ پۆستی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، رۆژی هەینی 9ی شوباتی 2024 دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە رایگەیاند، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار، هەریەک لە مەرال دانیش بێشتاش و موراد چەپنی وەک بەربژێرانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستنیشان کرا.
 
مەرال دانش بێشتاش، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە و موراد چەپنیش پێشتر پەرلەمانتاری هەدەپە بوو.
 
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، پارتەکەیان زۆر لەوە بەهێزترە لەنێوان بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا گۆشەگیر بکرێت و گوتیشی، "ئەمە بڕیارێکە جەماوەری دەم پارتی داویەتی و هەر لە سەرەتایشەوە رامانگەیاند کە خەڵک سەرچاوەی بڕیار دەبن و هەر ئەوان بەربژێرەکان یەکلایی دەکەنەوە."
 
دواتر، گوتەبێژی دەم پارتی ناوی بەربژێرانی هاوسەرۆکایەتیی 16 گەورەشارەوانی و 40 شاری باکووری کوردستان و تورکیای راگەیاند. 
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر قسەیەکی زۆر لەبارەی بەربژێرکردنی هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکرا.
 
21ـی کانوونی دووەمی 2024، باشاک دەمیرتاش نیازی خۆی بۆ بەربژێربوونی بۆ پۆستی هاوسەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ خستەڕوو؛ رۆژی 1ـی شوبات بە فەرمی بەربژێربوونی خۆی پێشکێشی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 6ـی شوباتیش کشانەوەی بەربژێربوونی خۆی ئاشکراکرد بۆ رێگەخۆشکردن بۆ بەربژێرەکانی دەم پارتی.
 
پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا
 
ساڵی 2009 ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بە کردەیی هەنگاوی لە بابەتی پرسی کورد نا؛ سەرەتا بە قۆناخی دیموکراسیبوون و دواتر بە پرۆسەی چارەسەری درێژەی بە هەوڵەکان دا، بەڵام هەوڵەکان لە ساڵی 2014 ساردبوونەوەیان تێکەوت و مانگ دوای مانگ ناکۆکیی نێوان ئاکپارتی و هەدەپە زیاتر دەبوو.
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015، شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. لەو قۆناخە بەدواوە شەڕ دەستیپێکردەوە.
 
ئێستا بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی لەسەرووی هەموویانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی پارتەکە و سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ کە شتێک بە ناوی کێشەی کورد نەماوە و هەموو گرفتەکانیان چارەسەرکردووە. بەڵام هێشتا روونیان نەکردووەتەوە کەی و چۆن ئەو کارەیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە