رووداو- ئاژانسەكان
هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیستەنبوڵ هەڵیکوتایە سەر چەند شوێنێک لەو شارە و نزیکەی 30 کەسی دەستگیرکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لە چەند گەڕەک و ناوچەیەکی جیاوازی ئیستەنبوڵ دەستیپێکرد و، لە نەخۆشخانەی هاسەکی بۆ خوێندن و لێکۆڵینەوەی پزیشکی پشکنین بۆ ئەو كەسانە كراوە كە دەستگیركراون، باسیش لەوە دەکرێ ئەو 30 كەسەی دەستگیركراون ئەندامی رێکخراوی داعشن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە میدیاکان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون چەکداریان بۆ رێکخراوی داعش ئامادەکردووە بۆئەوەی رەوانەی سووریایان بکەن. دوای ئەوەی دەستگیرکراوەکان کە نزیکەی 30 کەسن پشکنینی پزیشکیان بۆکراوە براونەتە هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کاتێک براوەتە نێو نەخۆشخانە پرسیاری ئەوەی لێکراوە کە بۆچی دەستگیرکراوە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی "بەهۆی ئەوەی لەسیستمێکی کافرداین، ئاوا موسڵمانان دەستگیردەکەن".

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)